رووداو دیجیتاڵ
هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق لە وەزارەتی داراییە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار قسەی کردووە، پرۆژەیاسای بودجەی 2027 هەر لە وەزارەتی داراییە و هێشتا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەکراوە. پرۆژەکە کەموکوڕی تێدایە، بۆیە وەزارەتی دارایی خەریکی هەموارکردنەوەیەتی.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی:"پڕۆژەیاسای بوودجەی 2027 هێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە".
بە بڕاوی جەمال کۆچەر، یەکێک لە هۆکارەکانی نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێکنەکەوتنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەکە، هەوڵدەدرێت رەچاوی داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام هێشتا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن نەکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، زیاتر لە 20 رۆژە وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، تەواوکردنی پرۆژەکەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاندووە.
دوای پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردەوە، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 پەسند کرد.
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پێویستە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێداگرییەوە لە بەغدا بێت و ئێمەش وەک پەرلەمانتارانی کورد بە یەک دەنگ پشتیوانیی جێگیرکردنی ئەو پشکە دەکەین و رازی نین بە 12.7% کە لە رەشنووسەکەدا دیاریکراوە".
بەپێی دوایین سەرژمێریی عێراق کە ساڵی 2024 کرا،رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ـیە و دیلان غەفوور دەڵێت:"پێویستە ئەمە ببێتە بنەما بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا، "بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رێکارێکی نازانستی و نایاسایی دوای کۆمەڵێک لێدەرکردن، وەک هەژمارنەکردنی ئەو کەسانەی خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن و لە هەرێم نیشتەجێن، ئەو پشکەی کردووەتە 12.7%".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاووڵاتییانەی لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، سوودمەندن لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە پەروەردە و تەندروستییەوە تا سەرجەم کەرتەکانی دیکە، بۆیە پێویستە لە بودجەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دا لەوەی کە جێگیرکردن و تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% لەبری 14.14% کاریگەرییەکەی تەنیا لە بودجەدا نابیت، بەڵکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەنگ و قورسایی هەرێمی کوردستان دەبێت و رەنگە لە ئایندەدا کاریگەریی راستەوخۆ بخاتە سەر ژمارەی کورسیی پەرلەمانتاران و نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوەن:
خەرجیی گشتی: 217.239 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
خەرجیی وەبەرهێنان : 47.897 تریلیۆن دینار
خەرجیی بەکارخستن: 169.342 تریلیۆن دینار
شایستەی فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی : 68.125 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.951 تریلیۆن دینار)
چاودێریی کۆمەڵایەتی : 33.032 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.329 تریلیۆن دینار)
مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی : 101.157 تریلیۆن دینار
داهاتی گشتی: 174.234 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
داهاتی نەوتی : 144.720 تریلیۆن دینار
هەناردەی نەوتی خاو : 127.020 تریلیۆن دینار (بەپێی هەژمارکردنی هەناردەی 4 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بە نرخی 58 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی 1500 دینار)
بڕگەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان: بۆ یەکەمجار بە بڕی 17 تریلیۆن دینار زیادکراوە (بەپێی نرخی 40 دۆلار و بڕی 776 هەزار بەرمیل رۆژانە هەژمارکراوە)
داهاتی کانزاکانی دیکە = 700 ملیار دینار
داهاتی نانەوتی: 29.514 تریلیۆن دینار
کورتهێنانی پێشبینیکراو : 43 تریلیۆن دینار
پشکی هەرێمی کوردستان: 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینارە.
لەکاتێکدایە پشکی هەرێـمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023دا، 16 تریلیۆن و 498 ملیار دیناربوو.
نرخی دۆلار، 100 دۆلار لە 130 هەزار دینارەوە کراوەتەوە 150 هەزار دینار، بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق، بەم شێوەیە داهات 19.204 تریلیۆن دینار زیاد دەکات .



