رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆی رەشنووسی بودجەی فیدراڵی 2027 چاوەڕێی وەزیری دارایی عێراقە، تاوەکو کات دیاری بکات جارێکی دیکە بچنەوە بەغدا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژی هیوا جەمالی رایگەیاند، کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبن، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چاوەڕێی بانگهێشتی فەرمی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، تاوەکو ئێستا (بەیانی سێشەممە) هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری نەکراوە، ئەگەر کۆتایی ئەم هەفتەیە نەبێت ئەوە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵی ( 7ی تشرینی یەکەمی 2026) بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیرانی کورد لە عێراق، نزیکەی چوار کاژێری خایاندووە.
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند، "زۆربەی ئەو خاڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوون و لە بەرژەوەندیی خەڵکدان، لە رەشنووسی بودجەدا بە نزیکیی جێگیرکراون."
بەڵام وەکو سەرچاوەکە دەڵێت؛ پڕۆژەیاسای بودجە هێشتا لە قۆناخی رەشنووسدایە و "هیچ بەهایەکی یاسایی نییە"، دەکرێت دەستکاریی بکرێت بۆیە تاوەکو لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند نەکرێت و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ نەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایع بڵاونەکرێتەوە. "ناتوانین بڵێن هیچ کراوە و هیچ نوسراوە".
خاڵێکی ئەرێنی ئەم جارە ئەوەیە، "یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2003ـەوە، کورد لە قۆناخی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەدا بەشداری دەکات."
سەبارەت بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا؛ زۆربەی داواکارییەکان خراونەتەڕوو لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆکراون، بۆ بابەتی مووچە لە کۆبوونەوەکە لێکگەیشتنی هاوبەش دروست بووە کە مووچە وەک بەشی حکومەت مامەڵە نەکرێت بەڵکو وەک شایستەی مووچەخۆر بێت و وەکو هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵەبکرێت.
پشت بەست بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی لە شوباتی 2024، ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە بە دەقێکی یاسایی روون و ئاشکرا ئەمە لە رەشنووسی بودجەکە جێگیر بکرێت، ئەم رستەیە بۆ بەرپرسەکان و نوێنەرەکانە (ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە بە دەقێکی یاسایی روون و ئاشکرا ئەمە لە رەشنووسی بودجەکە جێگیر بکرێت) لەگەڵ ئەوەشدا بڕگەکانی تایبەت بە رێژەی دانیشتووان، نەوت، داهاتە نانەوتییەکان گفتوگۆی زیاتری دەوێت.
سەرچاوەکە، جەختی لە گرنگیی پێوەری ژمارەی دانیشتووان کردەوە و گوتی، "ئەم پێوەرە تەنیا بۆ بودجە و مووچە نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندن و پشکی هەرێمی کوردستان لە هێزە ئەمنییەکانیشدا گرنگە."
یەکێک لە خاڵە ناکۆکە سەرەکییەکان، بابەتی خەرجییە سیادییەکانە. سەرچاوەکە روونیکردەوە، "حکومەتی فیدراڵی، خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی، خستووەتە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، بەڵام پێشمەرگەی تێدا نییە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و پێویستە مووچە و خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا بن، گفتوگۆ لەم بارەیەوە لە دانیشتنی داهاتوو دەکرێت.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە خەڵک پێشبینیی زۆر بەرزیان نەبێت، چونکە رەشنووسەکە هێشتا کۆتایی نییە و ئەگەری گۆڕانکاریی تێدا هەیە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە، گوایە پڕۆژەیاساکە بەبێ ئاگاداریی شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ناردن، گوتیشی، "پڕۆژەیاساکە هێشتا لەلایەن وەزارەتی داراییەوەیە و گفتوگۆکان بەردەوامن."
مادەی 10 گۆڕەپانی شەڕە گەورەکە
مادەی 10ی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ 2027 مەیدانی شەڕە گەورەکەی هەرێمی کوردستان و بەغدایە، چونکە زۆرینەی زۆری ماف و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەو مادەیەدا کۆکراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ 2027 پێکهاتووە لە 32 مادە، یەکێک لە مادەکان مادەی 10 یە، کۆمەڵێک خاڵ، بەند و بڕگەی لێبووەتەوە، ئەم مادەیە کۆکراوەی مادەکانی 10 و11و12ی پرۆژەی بودجە سێ ساڵییەکەیە بۆ کۆمەڵێک دەستکارییەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، مادەکە پابەندییەکانی هەرێمی کوردسان وەکو رادەستکردنی بڕی نەوت کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نوسراوە، هەروەها رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، باج و گومرگی تێدایە، جگە لەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7٪ی کۆی گشتیی عێراق لەو مادەیەدا نووسراوە.
ئەم مادەیە لەدوایین کۆبونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ خراوەتەڕوو، گفتوگۆی گەرمی لەبارەوە کراوە، لەبارەی هەندێ لە بڕگەکانی رێکنەکەوتوون، لەبەرئەوەیە جارێکی دیکە شاندەکە دەچنەوە بۆ گفتوگۆ لەم بارەیەوە.
خەرجیی سەروەری چۆن پشکی هەرێمی کوردستان کەمدەکەنەوە؟
ئەگەر هەموو ئەوانە بەڕێوەبچن یەکێک لە گرفتەکان دوو وشەیە ناوەکەی (خەرجی راستەقینە) یە، ئەم خەرجییە راستەقینەیە واتە لێکردنەوەی خەرجی حاکیمە و سەروەریی لە بودجەکە، ئەمەش واتە بەتەواوی کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان.
بۆ ئەوەی بە وردی خەرجییە سەروەرییەکان روون بکەمەوە پشت دەبەستم بە هەندێ نووسینی د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە لە شیکارییەکدا وردەکاریی کاریگەریی "خەرجییە سەروەرییەکان" لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا رووندەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەم خەرجییانە لە ماوەی 14 ساڵدا نزیکەی چوار هێندە زیادیان کردووە.
بە گوتەی ئامانج رەحیم، پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تەواوی بودجەی عێراق هەژمار ناکرێت، بەڵکو سەرەتا خەرجییە سەروەرییەکان (وەک بودجەی بەرگری، سیاسەتی دەرەوە، حەشدی شەعبی و قەرزەکان) لە کۆی گشتیی بودجە دەردەهێنرێن، پاشان پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕەی دەمێنێتەوە دیاری دەکرێت.
ئەمەش واتای ئەوەیە کە "هەرچەند قەبارە و بازنەی خەرجییە سەروەرییەکان گەورەتر بێت، ئەو بنەمایەی پشکی هەرێم لەسەر هەژمار دەکرێت بچووکتر دەبێتەوە."
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەداوە، خەرجییە سەروەرییەکان (سیادییەکان) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. لە ساڵی 2009دا، ئەم خەرجییانە نزیکەی 12.5 ترلیۆن دینار بوون، کە دەکاتە 18%ی کۆی بودجە، بەڵام لە بودجەی 2023-2025دا بۆ نزیکەی 47.4 ترلیۆن دینار لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە 24%ی کۆی بودجە.
جگە لە زیادبوونی بڕی پارەکە، ژمارەی بڕگەکانیشی بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان بووە؛ لە 16 بڕگەوە لە ساڵی 2005 بۆ 106 بڕگە لە بودجەی 2023-2025.
یەکێک لە خاڵە گەوهەرییەکان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە پشکی خۆی لە دابینکردنی ئەم خەرجییانەدا بەشدارە، بەڵام لە پرۆسەی چاودێری و وردبینیی خەرجکردنیاندا رۆڵێکی راستەوخۆی نییە. هەروەها، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشدارە لە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری و دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان، بودجە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵیدا لەبەرچاو نەگیراوە.
ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی مادەی (105)ی دەستوور، دەبێت هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی دادپەروەرانەی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە فیدراڵییەکاندا هەبێت، کە تائێستا بە کردەوە رەنگی نەداوەتەوە.



