رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ ساڵی 2025 کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پار زیاتر لە 56 هەزار تووندوتیژی تۆمارکراون. هەروەها سێ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتەکە ئامارێکی تایبەتی لەبارەی سەردانیکردنی قوربانییانی تووندوتیژی بۆ یەکەکانی تەندروستیی دەروونی - کۆمەڵایەتی ئاشکرا کردووە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی 2025دا، 56,134 حاڵەتی تووندوتیژی تۆمارکراون (35,653 ئافرەت و 20,481 پیاو).
جۆرەکانی تووندوتیژی
تووندوتیژیی دەروونی: 24,291
تووندوتیژیی جەستەیی: 16,514
تووندوتیژیی ئابووری (بێبەشکردنی دارایی): 14,797.
دەستدرێژی و تووندوتیژیی سێکسی: 532 حاڵەت (367 مێ و 165 نێر، کە 48یان لە خوار تەمەنی 10 ساڵیدا بوون).
خۆکوشتن و گیانلەدەستدان بە رووداوی کار
- خۆکوشتن: لە ساڵی 2025دا، 150 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون (83 پیاو و 67 ژن). پارێزگاکانی نەینەوا بە (25 رووداو)، دیالە بە (23 رووداو) و کەرکووک بە (22 رووداو) زۆرترین رووداویه خۆکوشتنیان تێدا تۆمارکراوە.
- پێکان و مردن لە کاتی کارکردندا: 4,866 کرێکار و کارمەند لە کاتی کاردا تووشی رووداو و پێکان بوون، لەو ژمارەیە 84 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 61 گیانلەدەستدانیان تەنیا لە پارێزگای کەرکووک بووە.
کەرتی پزیشکی و کێشەی کەمیی قەرەوێڵەی نەخۆشخانە
- قەرەوێڵەی نەخۆشخانە: لە تەواوی نەخۆشخانە حکومییەکانی عێراقدا 45,492 تەخت هەیە، کە دەکاتە 1.2 تەخت بۆ هەر 1000 هاووڵاتی.
- پزیشکان: کۆی گشتیی پزیشکانی عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان)، 38,144 پزیشکە، بەمەش بۆ هەر 10 هەزار هاووڵاتی تەنیا 9.74 پزیشک بەردەستە.
- پەرستاران: 114,817 کارمەندی پەرستار لە عێراقدا هەن (29.3 پەرستار بۆ هەر 10 هەزار کەس).
مردنی هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی وڵات
لە ساڵی 2025دا، 3,288 هاووڵاتیی عێراقی لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەستداوە (2,083 نێر و 1,205 مێ)
- ئێران: 660 کەس.
- وڵاتانی عەرەبی: 659 کەس.
- وڵاتانی ئەورووپا: 580 کەس.
- تورکیا: 476 کەس.
- ئەمریکا: 406 کەس.
- هیندستان: 230 کەس، کە زۆربەیان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردبوو.


