رووداو دیجیتاڵ پەرلەمانی عێراق هەنگاوەکانی بۆ پەسندکردنی یاسای "بنبڕکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان" دەستپێدەکات کە گوایە هەر چوار سەرۆکایەتییەکە رێککەوتوون لەسەر تێپەڕاندنی؛ سزاکانی ئەو یاسایە دەگاتە ئاستی بەندکردنی تاهەتایی و پێبژاردنی 35 ملیۆن دینار. هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شەوی 19ـی تشرینی یەکەم رایگەیاند، لەدوای وتووێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پڕۆژەیاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان تێپەڕێنن. ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی پەرلەمان هاوکات بوو لەگەڵ هۆشدارییەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میدیاکاران لەبارەی دژایەتیکردنی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەوەی بەگوێرەی یاسای تیرۆر و سزادانی عێراق لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو میدیایانە دەکرێت کە بەربەست بۆ سنووردارکردنی چەک دروست دەکەن، یان پاڵپشتی لە گرووپەکانی دەرچوو لە یاسا دەکەن. ئەو پڕۆژەیاسایەی کە سەرۆکی پەرلەمان باسی کرد بە ناوی "بنبڕکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە"، کە لە 6ـی تەمووزەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لە 32 مادە پێکهاتووە. ئامانج لە دەرکردنی یاساکە، رێکخستنی رێکاری سزادانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی سیستمی کۆمپیوتەر و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان، وەک ئەوەی لە هۆکارەکانی دەرچوواندنی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە. 21 مادەی ئەو پڕۆژەیاسایە تایبەتە بە جۆری تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و سزاکانیان، کە بەندکردن و پێبژاردن دەگرنەوە. تووندترین سزا کە دیاریکراوە بەندکردنی تاهەتایی و پێبژاردنی 35 ملیۆن دینارە بۆ ئەو کەسەی کە پێگەیەکی ئەلیکترۆنی یان ئەپڵیکەیشنێک دروست دەکات بە مەبەستی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەندامانی جەستە و ماددەی هۆشبەر. پڕۆژەیاساکە 15 ساڵ بەندکردن و 150 ملیۆن دینار پێبژاردنی دیاریکردووە بۆ ئەو کەسەی لە رێگەی پێگەیەکی ئەلیکترۆنییەوە ئاسانکاری بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی دارایی نایاسایی بکات. هەروەها 10 ساڵ بەندکردن و 35 ملیۆن دینار پێبژاردن دیاریکراوە کە تایبەتە بە تاوانی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و پڕۆگرامی دەزگا ئەمنییەکان، سەربازی و هەواڵگرییەکان بۆ زیانگەیاندن پێیان، یان گواستنەوەی زانیارییەکانیان بۆ لایەنی نەیاری دەوڵەت، یان زیانگەیاندن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و ژێرخانی تۆڕی زانیاریی ئەلیکترۆنیی سەر بە دەوڵەت. تاوانەکانی دیکەی یاساکە کە بکەر لەسەریان سزا دەدرێت بریتین لە: گوێگرتن و چاودێریی زانیاریی نێو ئامێری کۆمپیوتەر کە دەستگەیشتن بە زانیارییەکانی قەدەخەیە، هاککردنی پێگەی ئەلیکترۆنی، سڕینەوەی زانیاریی نێو کۆمپیوتەری کەسێکی دیکە یان بڵاوکردنەوەی، ساختەکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی، دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی پارەدان بە نایاسایی بۆ گواستنەوەی پارە، فرۆشتنەوەی زانیاریی کەسیی کەسانی دیکە کە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەستکەوتوون، بەکارهێنانی مامەڵەی بازرگانیی کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی نایاسایی، بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ورووژێنەر، ئاسانکاری بۆ پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی گرووپە تیرۆریستییەکان و دەرچوو لە یاسا و بانگەشەکردن بۆ کاری تیرۆریستی، یاخیبوونی چەکداری و نانەوەی ئاژاوەی تایفی. جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لەدوای دەرچوواندنی پێویستی بەوەش هەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی کارکردنی بۆ پەسند بکات و لەدوای 180 رۆژ لە پەسندکردنی یاساکە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.