رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیێنێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا قەرزی سندووقی نیشتەجێکردن دەدرێ، کە بڕەکەی تاوەکو 60 ملیۆن دینارە و ماوەی دانەوەکەشی دەگاتە 15 ساڵ.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "کۆتایی مانگی ئابی رابردوو لینکی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ قەرزی نیشتەجێکردن لە بەغدا و پارێزگاکان کارا کرا؛ تاوەکو ئێستاش داواکاریی 10 هەزار کەس پەسند کراوە، لە پاڵ تەواوکردنی شەش هەزار مامەڵەی ماوەی ساڵی رابردووش."
مەرج و بڕی قەرزەکە
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، سندووقی نیشتەجێکردن لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەتەوە دەستی بە تەواوکردنی مامەڵەکان کردووە و گوتیشی: "بڕی هەر قەرزێک دەگاتە 60 ملیۆن دینار و بەگوێرەی رووبەری زەوییەکە و مووچەی فەرمانبەر یان دەستەبەرەکەی دیاری دەکرێت، هەروەها ماوەی دانەوەشی تاوەکو 15 ساڵە."
سەبارەت بە سوودی سەر قەرزەکە، نەبیل سەفار روونیکردەوە کە هیچ سوودێکی بانکی لەسەر قەرزەکە نییە، تەنیا بارگرانییەکی کەمی کارگێڕییە کە لە 2٪ زیاتر نییە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە داوای لە سوودمەندبووانی پێشوو کرد پابەندی دانەوەی قیستەکانیان بن، چونکە سندووقەکە پشت بە گەڕانەوەی قیستەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی خولی نوێی پێشکەشکردن بکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 20 هەزار مامەڵەی قەرز پەسند کراون و نزیکەی 874 ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە.
پەسندکردنی داواکارییەکان پشت بە سیستمی خاڵبەندی دەبەستێت، بەجۆرێک کە رەچاوی شوێنی بیناکە، تەمەنی داواکار، باری خێزانی، ژمارەی منداڵ و بەخشینی خاڵی زیاتر بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات.

