رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، گەندەڵی لەنێو 1% بۆ 2%ی بەرپرسان و فەرمانبەراندا هەیە، بەڵام ئەو رێژەیە کاریگەری لەسەر 98%ەکەی دیکە هەبووە و دۆخێکی بێزارکەر دروست بووە کە واى لە هاووڵاتییان کردووە بەرپرس وەک پارچەیەک گەندەڵی جووڵاو ببینن.
ئەو گوتانەی عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى سەرۆکایەتیى دەستەکانی عێراقدا بوو، کە چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 لە بەغدا ئەنجامدرا.
عەلی فالح زەیدی گوتی: "دوێنێ سوێندخواردنێک لە حکومەتدا کرا کە سەرۆکوەزیران، جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان ئەنجامیاندا، خۆزگە ئەو هەنگاوە لە دەستەکاندا کۆپی دەکرا بۆ بەڕێوەبەرانی گشتی، دەمانەوێ لەگەڵ گەلەکەمان ئاشت ببینەوە."
رۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەم، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراقدا بەشدارانی کۆبوونەوەکە پێکەوە سوێندخواردنێکی بەکۆمەڵیان ئەنجام دا بۆ پابەندبوون بە کار، خزمەتکردن و ئەنجامنەدانی گەندەڵی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "قسە زۆر دەکرێ لەبارەی ئەوەی بەرپرسی دەوڵەت تۆمەتبارە و نایەوێ خزمەت بکات، دۆخێکی بێزارکەر دروست بووە و وای لێهاتووە کە هاووڵاتییان کاتێک بەرپرسێک دەبینن، وەک پارچەیەک گەندەڵی جووڵاو دەیبینن. گرنگە پێچەوانەی ئەوە بسەلمێنین. ئەگەر گەندەڵەکان جیا بکەینەوە لەسەر ئاستی بەرپرسان و فەرمانبەران، لەوانەیە 1% یان 2% بن، بەڵام ئەو ژمارەیە کاریگەری لەسەر 98%ەکەی دیکە هەبووە."
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە مانگی ئایاری رابردوودا، عەلی زەیدی هەڵمەتێکی دژی ئەو بەرپرسانە دەستپێکرد کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئەو مۆدێلە کۆنە کۆتاییهات کە بەرپرسێک لە دەوڵەتدا کاربکات بۆ ئەوەی دزی لێ بکات و خەڵکیش بەدەست برسێتی و کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدە بێت، ئەوە لەمەودوا سوودی نییە. ئەو گەندەڵکارانە من وایان دەبینم کە سرووشتیان لە سرووشتی مرۆڤایەتی جیاوازە و کە تێر دەبن ئینجا برسییانە! ئەگەر پارچە گۆشتێک بدەیتە شێرێک و بیخوات و تێر بێت، بەلایدا بڕۆیت نایەت بەلاتدا."



