رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق یەکلا دەکرێنەوەو بەگوتەی دوو پەرلەمانتار، کورد سەرۆکایەتی سێ لیژنەی بەردەکەوێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمان یەکلا بکرێنەوە، کە سێیانیان بەر کورد دەکەوێت.
23 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی عێراق هەن، کە بەگوێرەی ژمارەی کورسی و سازان بەسەر لایەنەکاندا دابەش دەکرێن.
پۆڵا سیروان دێڕێشەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: جگە لە سەرۆکی سێ لیژنە، کورد جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانیشی بەردەکەوێت، کە کراون بە سێ ئاستەوە؛ هەر لایەنێک سەرۆکی لیژنەیەکی ئاستی یەکەمی بەربکەوێت، جێگری ئاستەکانی دووەم و سێیەمی وەردەگرێت، ئەگەر سەرۆکی لیژنەی ئاستی سێیەمیش وەربگرێت، دەتوانێت جێگرانی سەرۆکی لیژنەی ئاستی یەکەم و دووەم وەربگرێت.
لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی عێراق نەریتێکی سیاسی هەبووە، کە کاری پێکراوە، بەوەی هەر لایەنێک وەزارەتێکی دیاریکراوی بەدەستەوە بووبێت، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیدار بەو وەزارەتەی لە پەرلەمان نەدەدرایە ئەو لایەنە.
پۆڵا سیروان دێڕێشەیی رایگەیاند کە زانیاری هەیە کورد سەرۆکایەتی لیژنەکانی تەندروستی، کاروباری دەرەوە، نەوت و گاز وەربگرێت، جگە لەوەش هەفتەی داهاتوو ئەندامانی لیژنەکان پڕ دەکرێنەوە، بەوپێیەی هەندێک لیژنە بەهۆی ئەوەی ئەندامیان کەمە رێژەی یاساییان نەبووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق نابێت ئەندامانی لیژنە هەمیشەیییەکان لە حەوت ئەندام کەمتر و لە 21 ئەندام زیاتر بن.
تاوەکو ئێستا لیژنەکان لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەشێوەى کارتى سەرۆکایەتى دەکرێت، بەهۆى ئەوەى تەواوى وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق وەزیریان بۆ دیاری نەکرابوو.


.jpg&w=3840&q=75)