رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، سیستمی نوێی پۆلێنکردنی نرخەکانی لە گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا کارا کرد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، ئامانجەکەی پێدانی هەڵبژاردەی فراوانترە بە گەشتیاران تاوەکو بەپێی پێداویستی و توانای دارایی خۆیان تیکتیان هەڵبژێرن.
حوسێن کەربەلائی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجەکە پێدانی بژارەی فراوانترە بە گەشتیاران، تاوەکو بەپێی پێداویستی و توانای دارایی خۆیان تیکتیان هەڵبژێرن. نرخی تیکتەکان بەگوێرەی شوێنی دانیشتن، پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کات و شوێنی گەشتەکان، گۆڕینی کاتی گەشتەکان، کێشی جیاوازی کەلوپەل و بار و خزمەتگوزاریی دیکە دەگۆڕێت و جیاوازن.
هەر لەوبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، موستەفا تالیب، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا باس لەوەدەکات، سیستمی نوێی نرخەکان چەندین هەڵبژاردەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کە نەرمی و ئاسانکاریی زیاتر بە گەشتیاران دەبەخشێت بۆ دیاریکردنی تیکتەکانیان، بەپێی بودجە و تایبەتمەندی و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە هەر پۆلێکدا دابین دەکرێن.
موستەفا تاڵیب ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلێنکردنە نوێیەکان ئاستی جیاوازی خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن، لەوانە دیاریکردنی کێشی جیاوازی کەلوپەل و بار، دەرفەتی دەستکاریکردنی بڕینی تیکیت و گۆڕینی کاتی گەشتەکان بەپێی مەرجەکانی هەر پۆلێک، ئەمەش رێگە بە گەشتیاران دەدات پلانەکانی گەشتکردنیان بە ئاسانی و بەپێی ویستی خۆیان دابڕێژن.

.jpg&w=3840&q=75)