رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری دا بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە عێراق، لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێبەش بکات.
بەپێی نووسراوێکی نهێنی بانکی ناوەندیی عێراق وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی پێنجشەممە (22ی تشرینی یەکەمی 2026) دەرچووە و ئاراستەی دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کراوە، بڕیاردراوە بە راگرتنی تەواوی مامەڵەکانی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە دراوی دۆلاری ئەمریکی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بریاردرا مامەڵەکردنی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە دۆلار بە هەموو شێوەیە قەدەخە بکەن".
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران"، سزای بەسەر بانکەکەدا سەپاند.
واشنتن ئەم بانکە تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراوەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی دابین کردووە و وەک "کەناڵێکی دارایی" بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکارهێنراوە.
دوابەدوای بڕیارەکەی ئەمریکا، رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی2026، بانکی گەشەپێدانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بۆ خستنە نێو لیستی سزاکان رەت کردەوە و رایگەیاند، ئەوان دامەزراوەیەکی دارایی شەفافن و ئامادەن لەگەڵ بەغدا و واشنتن هاوکاری بکەن بۆ روونکردنەوەی راستییەکان.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئابی ئەم ساڵەوە هەڵمەتێکی چڕی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران دەستپێکردووە.
عێراق بەهۆی پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران و زۆریی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کەوتووەتە ژێر چاودێرییەکی زۆر وردی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.
.webp&w=3840&q=75)


