رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق کارنامەی پێنج مانگی رابردووی حکومەتەکەی دەخاتەڕوو و دەڵێ، توانیویانە عێراق لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی رزگار بکەن؛ هاوکات وادەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی گرووپە چەکدارەکان دیاری کرد و رایگەیاند، تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2027 هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان نامێنێت.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونیدا عێراق لە لێواری گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیدا بوو کە مەترسیی سەپاندنی گەمارۆ و کشانەوەی باڵیۆزخانەکانی لەسەر دروست ببوو، چونکە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیوابوو دەوڵەت لەلایەن چەند گرووپێکی دیاریکراوەوە بە بارمتە گیراوە، بەڵام حکومەت توانی ئەو مەترسییە گەورەیە لەسەر وڵات دووربخاتەوە."
سەبارەت بە پرسی چەک و گرووپە چەکدارەکان، زەیدی رایگەیاند کە پرسیاری سەرەکیی ئەو لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: "ئایا ئێمە دەوڵەتێکین گرووپی چەکدارمان هەیە یان گرووپە چەکدارەکان خاوەنی دەوڵەتن؟"
عەلی زەیدی گوتی، وەرگرتنەوەی چەک لە چەندین گرووپ ئەو پەیامەی بە جیهان گەیاند کە دەوڵەت خاوەنی بڕیارە؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆی حەوت گرووپی چەکدار، لەگەڵ پێنجیان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و دۆسیەی سێ گرووپیان بەتەواوی یەکلایی کراوەتەوە و لەگەڵ دوو گرووپەکەی دیکەش لە گفتوگۆدان. سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد "تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2027 هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێت و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا عێراق دەبێتە وڵاتێکی خاڵی لە گرووپی چەکدار."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "بیانووی هەڵگرتنی چەک کشانەوەی هێزە بیانییەکان بوو. ئێستا ئەو هێزانە کشاونەتەوە و بیانووی چەکهەڵگرتن نەماوە. چەک هەڵگرتن ناکرێت ببێتە پیشە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەیدی گوتی: "هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە عێراق نەماوە، نە وەک شەڕکەر و نە وەک راوێژکاری سەربازی و تەواوی بنکەکانیان رادەست کردوونەتەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان گفتوگۆ کراوە، هەروەها لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ رادەستکردنی چیای شنگال بە سوپای عێراق و چوونە ناوەوەی چەکدارەکانیان بۆ نێو حەشدی شەعبی، لە بەرامبەریشدا سوپا بنکەی باشیک وەردەگرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داکۆکی لە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کرد و گوتی: "هەڵەکە لە بڕیاری پێشووی دابەزاندنی نرخەکەدا بوو بۆ 132 هەزار دینار، چونکە سوودەکەی تەنیا بۆ دەڵاڵەکان بوو نەوەک هاووڵاتییان،" روونیشیکردەوە کە مانگانە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینارە بۆ مووچە و خەرجییە بنەڕەتییەکان.
زەیدی باسی لەوە کرد کە بەهۆی نیگەرانی لە گەیشتنی پارە بە گرووپە چەکدارەکان ناردنی دۆلاری کاش لەلایەن ئەمریکاوە راگیرابوو، بەڵام دوای دانوستاندنەکان مانگانە بۆ نیو ملیار دۆلار زیادکراوە و کار دەکرێت بگەیێندرێتە یەک بۆ دوو ملیار و نیو، بەوەش پێشبینی دەکرێ لە قۆناخی داهاتوودا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕدا بۆ 155 هەزار دینار یان کەمتر داببەزێ.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و قەیرانی تەنگەی هورمز، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی گرژییە ناوچەییەکانەوە هەناردەی نەوت ناجێگیرە، بەڵام جەختی کردەوە: "عێراق ناکرێت وەک بارمتەی یەک دەروازەی هەناردەکردن بمێنێتەوە، بۆیە کار بۆ راکێشانی تۆڕێکی فرەلایەنی بۆرییە نەوتییەکان، بەکارهێنانی تانکەر و کاراکردنەوەی بۆریی جەیهان دەکەین." هاوکات باسی لەوەش کرد، پشکی داهاتی نانەوتی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لە 8٪ـەوە بۆ نزیکەی 19٪ بەرزکراوەتەوە و ئامانج ئەوەیە بگاتە 30٪، هەروەها پلان دانراوە تاوەکو ساڵی 2032 توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
پەیوەست بە پرسی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان، زەیدی رایگەیاند: "حکومەت یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی و بە سەنەدی تاپۆوە بەسەر ئەو خێزانە عێراقییانەدا دابەش دەکات کە هیچ موڵکێکیان نییە. زەوییەکانیش بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، شەقام، نەخۆشخانە و قوتابخانەوە دەدرێن تاوەکو هاووڵاتی راستەوخۆ دەست بە دروستکردنی خانوو بکات،" روونیشیکردەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە پڕۆژەی دروستکردنی شارە نوێیە مۆدێرنەکان جیاوازە کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و فرۆشتن دروست دەکرێن.
لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو گرێبەستەکان دەخرێنە ژێر وردبینیی پێشوەختەی دیوانی چاودێریی داراییەوە، باسی لەوەش کرد تەنیا لە رێکخستنەوەی کەرتی پاڵاوگەکان و رێگری لە بەهەدەردانی نەوت، ساڵانە نزیکەی 20 تریلیۆن دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێننەوە. زەیدی گوتی: "دەزگا ئەمنییەکانم راسپاردووە چاودێریی وردی کارەکانی وەزیرەکان و پارێزگارەکان بکەن و ئومێدی ئەو دەخوازم گەندەڵیی یەکێکیان ساخ ببێتەوە، تاوەکو سزایەکی تووندی بدەم کە ببێتە پەند بۆ هەمووان. دەزانم لەم شەڕەدا زۆرێک لە هاوڕێکانم لەدەست دەدەم، بەڵام بەرپرس دەبێت لەنێوان پاراستنی هاوڕێکانی یان پاراستنی ماڵی گشتیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت."
زەیدی جەختی کردەوە کە "عێراق بەشداری لە هیچ شەڕێکدا ناکات و دەبێتە خاڵی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان نەوەک گۆڕەپانی ململانێ،" گوتیشی داخستنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت، چونکە زۆربەی خۆراک و سەوزە لەوێوە دێت.
زەیدی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو بە ستراتیژی ناوبرد و رایگەیاند دوای پەسندکردنی بودجە، کارەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە بەشداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستپێدەکات. سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانیش گوتی: "خۆپێشاندان مافێکی دەستووریی رەوایە، گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین و ئەوەی لە تواناماندا بێت جێبەجێی دەکەین، چونکە ئێمە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت هاتووین نەوەک تەنیا بەڕێوەبردنی دەسەڵات، تاوەکو دوا ساتیش لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکان بەردەوام دەبم."


