رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی فۆرمێکی ساختە دەدات و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ فۆرمێک بۆ پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون بە ناوی "دەستپێشخەریی نیشتمان" بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند: "لە ژمارەیەک ماڵپەڕ و پلاتفۆرم فۆرمێک بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پڕۆژەی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەژێر ناوی (دەستپێشخەریی نیشتمان)."
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە روونی دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ فۆرمێکی تایبەت بە پڕۆژەکە بڵاونەکراوەتەوە و "ئەوەی بڵاودەکرێتەوە، کاری هەندێک کەسی دەرووننەخۆش و فێڵبازە کە هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی گەندەڵیی تایبەتیی خۆیان دەقۆزنەوە."
لیژنەی باڵای پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەمزووانە پلاتفۆرمی فەرمی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری رادەگەیێندرێت و داواش لە هاووڵاتییان دەکات: "پێویستە وریابن و مامەڵە لەگەڵ هیچ فۆرم و بەستەرێکی باوەڕپێنەکراودا نەکەن، هەروەها هیچ بڕە پارەیەک نەدەنە ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ناونووسین لە دەستپێشخەرییەکەدا دەکەن."
هەڵمەتی (دەستپێشخەریی نیشتمان) بەپێی بڕیاری ژمارە (332)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 30ـی حوزەیرانی 2026 پەسند کرا، کە ئامانجی دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی خزمەتگوزاریکراوە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 2.3 بۆ 3 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نیشتەجێبوون، هەروەها نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتی لە گەڕەکە زێدەڕۆکاندا دەژین.

