رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە عێراق 99 هەزار کۆمپانیای تێپەڕاند. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت:"دەمانەوێ بزانین گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە چۆن کاریگەرییان لەسەر کەرتی وەبەرهێنانی وڵاتەکە دروستکردووە."
محەممەد حەنوون، راوێژکاری وەزیری بازرگانیی عێراق، رۆژی شەممە(24ـی تشرینی یەکەمی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، کۆی گشتیی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە 99 هەزار و 611 کۆمپانیا."
بە گوتەی محەممەد حەنوون، کۆمپانیا عێراقییەکان ژمارەیان 94 هەزار و 239 دانەیە؛ کۆمپانیا بیانییەکانیش 5 هەزار و 372 دانەن.
کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر 3 هەزار و 271 لقی کۆمپانیای بیانی و 2 هەزار و 101 نووسینگەی نوێنەرایەتی دابەشبوون.
راوێژکاریی وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی: "ئەم ئامارانە وەک بنەما بەکاردێن بۆ بەراوردکردن بە ساڵی 2026، تاوەکو بزانرێ گۆڕانکارییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت جەنگی ئەمریکا و ئێران، چۆن کاریگەرییان لەسەر کەرتی وەبەرهێنان، جووڵەی بازرگانی و کار و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هەبووە."
محەممەد حەنوون گوتیشی: "بۆ هەڵسەنگاندنی ورد، دەبێت جیاوازی بکرێ لە نێوان ئەو کۆمپانیایانەی بە فەرمی تۆمار کراون و ئەوانەی بە کردەیی کاردەکەن، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە پەککەوتوون یان هەڵوەشێندراونەتەوە."
راوێژکاریی وەزیری بازرگانیی عێراق باسی لەوەش کرد، بەردەوامن لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی بۆ خێراکردنی رێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، عێراق دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنانی تێدایە و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ پێویستی بە هاوئاهەنگیی کەرتی تایبەت و گشتی و کەمکردنەوەی رۆتینی یاسایی هەیە.
مەرجی فەرمانگەی تۆمارکردنی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ کۆمپانیا بیانییەکان
- لانیکەم ساڵێکی تەواو بەسەر دامەزراندنی کۆمپانیا بیانییەکە لە وڵاتی بنەڕەت تێپەڕیبێت، پێش ئەوەی داواکاری بۆ کردنەوەی لق لە عێراق پێشکێش بکات.
- رێگە بە کۆمپانیا دەدرێ لە رێگەی گرێبەستە حکومییەکان، گرێبەستەکانی وەبەرهێنان، مۆڵەت یان گرێبەستەکانی کەرتی تایبەت کار بکات، بە مەرجێک بەهای گرێبەستەکەی کەرتی تایبەت لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت.
- پێویستە بەڕێوەبەرێکی نیشتەجێی ناو عێراق دابنرێ، هەروەها دەبێت لە 8 مانگ دوای کۆتاییهاتنی هەر ساڵێکی دارایی، ژمێرەی کۆتایی کۆمپانیا پێشکێش بکرێ.


