رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێ، لە رێگەی سەکۆی (ئەمین)ەوە 24 هەزار گێچەڵی ئەلیکترۆنی چارەسەرکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 90 هەزار کەس لەو پلاتفۆرمەدا هەژماری ئەلیکترۆنییان هەیە.
مستەفا سەند، وەزیری گەیاندنی عێراق، رۆژی شەممە (24ی تشرینی یەکەمی 2026) رایگەیاند: "سەکۆی ئەمین بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و لەلایەن پسپۆڕانی ئاسایشی نیشتمانییەوە پەرەی پێدراوە"؛ گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 36 هەزار سکاڵای گێچەڵی ئەلیکترۆنی گەیشتوونەتە پلاتفۆرمەکە کە توانراوە 24 هەزاریان چارەسەر بکرێن."
مستەفا سەند راشیگەیاند: "میکانیزمی چارەسەرکردنەکە بریتییە لە سڕینەوەی ئەو نێوەڕۆکەی بۆ هەڕەشە بەکارهێنراوە، هەروەها داخستنی هەمیشەیی ئەو ئەژمارەی بۆ گێچەڵ بەکارهێنراوە، ئەگەر سەلمێندرا هەڕەشەی لە زیاتر لە کەسێک یان لایەنێک کردووە".
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بەوپەڕی نهێنییەوە زانیارییە کەسییەکان دەپارێزین، بەبێ ئەوەی قوربانییەکە و تۆمەتبارەکە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، کێشەکە چارەسەر دەکەین."
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە رێگەی سەکۆی (ئەمین)ـەوە کار دەکات؛ سیستمێک کە هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێز رەوانەی تیمی پسپۆڕ دەکات. گوتەبێژی دەزگاکە دەڵێت، بۆ کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵیش چارەسەری تایبەتیان داناوە و رێگە لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان دەگرن.

