رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت کە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانیان بۆ پەسندکردنی پلانی کشتوکاڵیی زستانە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بەدەستهێناوە، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی بێبەرامبەری ڤێتێرنەری و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بۆ تاقیگە کشتوکاڵییەکان بۆ یەکەمجار.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر پەسندکردنی پلانی کشتوکاڵیی زستانە دەربڕیوە و بڕی پارەی پێویستیش بۆ شایستە داراییەکان تەرخان کراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی کەرتی کشتوکاڵی خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین هەڵمەتی ڤێتێرنەریی بێبەرامبەر لە سەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون، هاوکات هەڵمەتی فراوانی خۆپارێزی لە باخ و کێڵگەکان دەستیپێکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گژوگیای زیانبەخش و ئافاتە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگا جیاوازەکاندا، بەتایبەتی نەخۆشی و مێرووەکانی دارخورما.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا، تاقیگە کشتوکاڵییەکانی عێراق توانیویانە بڕوانامەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن. هەروەها ئاماژە بە کرانەوەی عێراق بە رووی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە کەرتی کشتوکاڵدا کراوە لەڕێگەی واژۆکردنی ژمارەیەک رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەردوو کەرتی رووەکی و ئاژەڵی، دەرگاشی بە رووی سەرجەم جووتیاراندا واڵایە لە رێگەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ بە شێوەیەکی بەردەوام، داواش لە جووتیاران دەکات زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.

