رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق دەڵێ، زیاتر لە 90 هەزار ئاوارە لە 15 کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وێرانبوونی خانووەکانیان، کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی بەڵگەنامە فەرمییەکان، رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی سەلامەت و بەردەوامیان بۆ زێدی خۆیان.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، پاسکال رێنتجنز، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە لە دۆخێکی هەستیاردان و بە کۆمەڵێک ئاستەنگی قورسدا تێدەپەڕن.
بە گوتەی سەرۆکی نێردەی رێکخراوی کۆچ، ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون:
- دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 89 هەزار و 709 ئاوارە لەنێو 13 کەمپدا نیشتەجێن.
- پارێزگای هەولێر: چوار هەزار ئاوارە لە دوو کەمپدا دەژین.
- سێ هەزار و 194 ئاوارەش لە سێ کەمپی رۆژهەڵاتی شاری موسڵدان.
وێرانبوونی خانوو و نەبوونی قەرەبوو
پاسکال رێنتجنز ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندان، رووبەڕووی کێشەی فرەلایەن دەبنەوە کە رێگری لە گەڕانەوەیان دەکات بۆ زێدی خۆیان، لەوانە "وێرانبوونی خانوو، کێشە و ناکۆکییە یەکلایینەکراوەکانی خاوەندارێتیی زەویوزار، نەبوونی بەڵگەنامە کەسییەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان، لەگەڵ زەحمەتیی دەستکەوتنی قەرەبووی دارایی لەلایەن حکومەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی پارێزگای نەینەوا کە لە کاتی جەنگی داعشدا رووبەڕووی وێرانییەکی گەورە بوونەتەوە."
59٪ـی گەڕاوەکان دەستیان بە ئاوی پاک ناگات
سەرۆکی نێردەی رێکخراوی کۆچ باسی لەوە کرد، "کەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و داڕمانی ژێرخان، بەربەستی گەورەن لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ژیانی رێکوپێکی ئاوارەکان لە ناوچەکانی خۆیان"، بە جۆرێک بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانیان دەرکەوتووە کە: "59٪ـی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ناتوانن بەردەوام دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە رابگات، هەروەها قوتابخانەکان و بنکە تەندروستییەکان تووشی پەککەوتن و کەموکوڕیی گەورە بوونەتەوە."
هەروەها دەڵێ: "دوای تێپەڕبوونی 9 مانگ بەسەر جێهێشتنی کەمپەکان، هێشتا 40٪ـی خێزانەکان لانیکەم یەکێک لە ئەندامەکانیان بەڵگەنامە مەدەنییەکانی بەتایبەت کارتی نیشتمانی نییە، ئەمەش وایکردووە نەتوانن دەستیان بە مافە یاسایی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات."
گەڕانەوە بۆ کەمپەکان
پاسکال رێنتجنز هۆشداری دا لەوەی رێکارە بەرفراوانەکانی تۆمارکردن و جێهێشتنی بەکۆمەڵی کەمپەکان لە تەممووزی 2024ـەوە هەڵپەسێردراون، بەو هۆیەوە ئەو خێزانانەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاری گەڕانەوە دەدەن، ناچارن تەواوی خەرجی و ئامادەکارییە لۆجیستییەکان لەسەر گیرفانی خۆیان دابین بکەن.
سەرۆکی نێردەکە ئاشکراشی کرد کە بەهۆی نەبوونی ژیانێکی شایستە لە ناوچەکانی خۆیان، ژمارەیەک لە خێزانەکان توانای مانەوەیان نەبووە و دیاردەی گەڕانەوەی پێچەوانە (لە زێدی خۆیانەوە بۆ کەمپەکان) دروست بووە، "لەوانە 23 خێزان کە لە 107 کەس پێکهاتوون، لە سەرەتای ئەم ساڵدا ناچار بوون دووبارە پەنا ببەنەوە بەر کەمپەکانی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک."

.png&w=3840&q=75)