رووداو دیجیتاڵ
موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە پارێزگای دهۆک.
نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی، رۆژی یەکشەممە (25ی تشرینی یەکەمی 2026) بڵاویکردەوە: "شاندەکە لە هەریەک لە باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت؛ عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق و ژمارەیەک لە راوێژکارانی لەگەڵدایە".
بڕیارە شاندەکەی حکومەتی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبێتەوە و دواتریش لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "شاندەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بە ئەندامیەتیی هەریەک لە باسم محەممەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا دەبێت؛ هەروەها شاندی یاوەریشیان پێکهاتوون لە سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە."
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان گوتی: "شاندەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ پێشوازی دەکرێن و دواتر لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە کە پێکهاتوون لە محەممەد کەمال، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت؛ دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون؛ ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی، بەئامانجی هاوئاهەنگی زیاتر و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە دۆسیییە هاوبەشەکان نێوان هەردوو حکومەت".


