رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی پارێزگای میسان ئازادکردنی مستەفا محەممەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بەتۆمەتی لێدوانەکانی دژ بە حکومەت و هەڕەشەکردن بە "یاخیبوونی مەدەنی" بەهۆی دەروازەی سنووریی شەیبەوە، فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ دەرچووبوو و چوو بووە بەردەم دادگە. رۆژی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لە راگەیێندراوێکی کورتدا ئاماژەی بەوە کرد، مستەفا محەممەداوی دوای پابەندبوونی بە رێکارە یاساییە تایبەتمەندەکان و ئامادەبوونی لە بەردەم دادگە، ئازاد کراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر مەرجەکانی ئازادکردنەکەی بخاتەڕوو. ئەم بڕیارەی دادگە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەم، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و داوای لێکرد فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دەستگیرکردنی رانەسپێرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو "پیاوی دەوڵەت و کوڕی عەشیرەتێکی گەورەیە و تاوانبار نییە"، هەر بۆیە خۆی بە پێی خۆی دەچێتە بەردەم دادگەی عێراق. محەممەداوی لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردبوو کە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی میسان و رەتکردنەوەی داخستنی دەروازەی شەیب بەردەوام دەبێت، هاوکات ئاماژەی بە "رێز و گوێڕایەڵیی خۆی بۆ شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق" کردبوو. پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردبوو لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بکرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی رۆژی یەکشەممە دابووی و تێیدا هەڕەشەی راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی کردبوو لە ئەگەری نەکردنەوەی دەروازەی شەیب، جیا لە بەکارهێنانی "دەستەواژەی نەشیاو". رۆژی یەکشەممە، دەیان شۆفێری بارهەڵگر لە میسان لە دژی داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد و مستەفا محەممەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش بەشداریی تێدا کرد. محەممەداوی لەنێو خۆپێشاندەراندا مۆڵەتی تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی رێگەکانی بەردەم دەروازەکە، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی کردبوو پەنا بۆ یاخیبوونی مەدەنی دەبەن و پارێزگای میسان لە تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دادەبڕن و رێگەکان دەگرن.
عێراق27-10-2026کوێت داوای دیلە بێسەروشوێنەکان و ئەرشیڤی نیشتمانی دەکاتەوە و عێراقیش داوای بەڵگە دەکات