رووداو دیجیتاڵ
دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا، 35 ملیار دیناری لە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیدا گەڕاندەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە کە تایبەتمەندە بە تاوتوێکردنی دۆسیەیکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، بڕی 35 ملیار دیناری وەرگرتووەتەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، دادوەری تایبەتمەند رایگەیاندووە: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکە لەسەر بنەمای تاوانەکانی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی بووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکارە دادوەرییەکان و لێکۆڵینەوە وردەکانی دادگە بوونەتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە، جەختیشی کردەوە لە بەردەوامیی رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەو کەسانەی بە شێوازی نایاسایی قازانج دەکەن و زیان بە سامانی گشتی دەگەیێنن.


