رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێ، زیاتر لە 40 پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو لە پارێزگاکان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە هەندێکیان کاتی دەستپێکردنیان بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانیی گشتگیرن بۆ سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ بە جۆرێک تاوەکو ساڵی 2050 جێبەجێ بکرێ.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی شەممە(31ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوەوە سەرپەرشتیی زیاتر لە 40 پڕۆژە لە پارێزگا جیاوازەکان دەکات، کە بەشێکی زۆریان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و رێژەی جێبەجێکردنیان لەنێوان 90٪ بۆ 95٪ دایە."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق راشیگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی ساڵانێکی زۆر بوو پەکخرابوون، ئێستا خراونەتە پێش نۆرەوە، لەوانە:
- پڕۆژەی ئاوی عەمارە لە پارێزگای مەیسان
- پڕۆژەی ئاوی گەیارە لە نەینەوا
- پڕۆژەی ئاوی تازە لە کەرکووک
- پڕۆژەی ئاوی جەدیدەت شەت لە دیالە
- پڕۆژەی ئاوی شامییە لە دیوانیە
- پڕۆژەی ئاوی فەلوجە لە ئەنبار.
نەبیل سەفار گوتی: "وەزارەت دەستی کردووە بە ئامادەکردنی ماستەر پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن بۆ کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ حەوت پارێزگا (نەجەف، موسەننا، کەرکووک، مەیسان، واست، زیقار و دیوانیە)."



