رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە وەزیری کارەبا کردووە بۆ بەدواداچوونی 22 دۆسیەی گەندەڵی.
زەهرا لوقمان ساعدی، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە (1ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک بەڵگەنامە و سکاڵای فەرمیمان بەدەست گەیشتووە کە ئاشکرای دەکەن تۆڕێکی رێکخراوی گەندەڵی لە فەرمانگەکانی کارەبای دیالە، بەتایبەت لە خاڵس، یاری بە سامانی گشتی و ژێرخانی کارەبا دەکەن."
ئەندامەکەی لیژنەی کارەبا و وزە ئاماژەی بە چەند کەیسێک کرد، لەوانە سزایەکی دارایی بۆ کێڵگەیەک کە بڕەکەی 91 ملیۆن دینار بووە، بەڵام بە رێککەوتنی ژێر بە ژێر لەگەڵ بەرپرسانی فرۆشتن، بۆ تەنیا 5 ملیۆن دینار کەمکراوەتەوە.
پەرلەمانتارەکە گوتی، دۆسیەی دیکەش هەن کە تێیدا سزای 34 ملیۆن و 36 ملیۆن دیناری بە بەرتیل و ساختەکاری سڕدراونەتەوە یان ونکراون.
زەهرا لوقمان گوتی: "گەندەڵییەکان گەیشتوونەتە ئاستی دەستکاریکردنی پێوەرە زیرەکەکان؛" گوتیشی: "بەرپرسانی بازرگانی بەبێ ئاگاداریی فەرمانگە، پێوەریان لێ کردووەتەوە تاوەکو شوێنە بازرگانییە گەورەکان بۆ ساڵێک بەبێ باج کار بکەن، لە بەرامبەریشدا سەرانەی 3.5 ملیۆن دیناری لە هاووڵاتیی ئاسایی وەرگیراوە بۆ دانانی پێوەر یان چاککردنەوەی بگۆڕەکان"
بەپێی ئەو 22 دۆسیەیەی پەرلەمانتارەکە ئاراستەی وەزیری کارەبای عێراقی کردووە، چەندین باڵەخانەی بازرگانی و ناوەندی پزیشکی لە بەعقووبە و خاڵس، بەبێ بوونی هیچ مامەڵەیەکی فەرمی و رەزامەندیی تەکنیکی، کارەبایان بۆ راکێشراوە و تۆڕی پەستانی باڵایان بۆ دانراوە، کە ئەمەش گوشاری زۆری خستووەتە سەر سیستمی گشتیی کارەبا.
ئەندامەکەی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان هۆشداری دایە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای دیالە و گوتی: "هەر هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانانە یان ساردکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان، کارگێری لقی دیالە دەکاتە هاوبەشی راستەوخۆ لە دزینی سامانی گشتی."



