رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، سەرکۆنەی رێکارەکانی سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەکات و دەڵێت، سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان، بەڵام "یاساشکێنی دەکات" و بەشێوەیەکی تاکلایەنانە رێکاری "نایاسایی" بەرامبەر کۆمپانیاکەیان دەگرێتەبەر.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیێندراوێکی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کاتێکدا کۆڕەک بە رێگەی یاسایی داکۆکی لە مافەکانی خۆی و بەشداربووانی کردووە و رووبەڕووی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بووەتەوە کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە ( پاکتاوکردن-تەسویە) دەرکراوە، کە چوارچێوەکەی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، کەچی سەرۆکی دەستە سوور بووە لەسەر هەڵوێستەکەی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم، سەرۆکی دەستەکە پێی لە هەڵوێستەکەی خۆی ترازاندووە و رێکاری گرتووەتەبەر کە پەیوەندییان بە مۆڵەتەوە نییە، لەوانەش داخستنی بارەگای کۆمپانیاکە کە بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە.
کۆڕەک ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی پەنایان بۆ دادگە بردووە، بڕیارێکی دادوەریی بەپەلەیان بەدەستهێناوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی سەرۆکی دەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و گرێبەستی یەکلاکردنەوەکە بە کارا دەهێڵێتەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت: "چاوەڕوان بووین دەستەکە ملکەچی بڕیاری دادگە بێت و پاساوی نوێ نەدۆزێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە رێکارە سەرکوتکەرەکانی دژ بە کۆمپانیاکە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرمان سووڕماوە لە سووربوونی سەرۆکی دەستەکە لەسەر پێشێلکردنی یاسا و پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگەی دادپەروەر؛ کۆمپانیاکەمان مافی خۆی دەپارێزێت بۆ داواکردنی قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەی کە بەهۆی رێکارە تاکلایەنانەکانی سەرۆکی دەستە و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگەوە بەر کۆمپانیاکە کەوتوون."
کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بە بەڵگەیەکی نوێ دەکات و دەڵێت، بەڵگەیەک هەیە کە دەیسەلمێنێت هەڵوێستێکی پێشوەختە دژیان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی دەستەکە ئەمڕۆ 1ی تشرینی دووەمی 2026 نووسراوێکی بۆ ناردوون تاوەکو پاساو بۆ رێکارەکانی بهێنێتەوە، لە کاتێکدا رێککەوتی 29ی تشرینی یەکەمی 2026ی پێوەیە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پرسیار دەکات: "دوای هەموو ئەمانە، مافی خۆمانە بپرسین: ئایا لایەنی ئەقڵانی دەتوانێت پەسەندی بکات کە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بن؟!"



