رووداو دیجیتاڵ
کەرتی بیناسازی لە عێراق پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ساڵی 2025دا پێدانی مۆڵەتی دروستکردن و نۆژەنکردنەوە 11.4٪ دابەزیوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو سستییە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زێدەڕۆیی و پارچەکردنی نایاسایی زەوی رێگرن لە وەرگرتنی مۆڵەت.
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2025دا کۆی گشتیی ئەو مۆڵەتانەی بە کەرتی تایبەت دراون بۆ دروستکردنی بینا و خانوو، گەیشتووەتە 25 هەزار و 934 مۆڵەت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا 29 هەزار و 279 مۆڵەت درابوو.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا (2017 - 2025) ئاستی پێدانی مۆڵەت بەمشێوەیە بووە:
نزمترین ئاست (2020): بەهۆی کۆرۆنا و تەنگژەی دارایی، تەنیا 17 هەزار و 665 مۆڵەت درابوو.
لووتکەی مێژوویی (2022): 37 هەزار و 442 مۆڵەت تۆمارکرا کە بەرزترین ئاست بوو.
پاشەکشەی ئێستا: لە دوای ساڵی 2022ـەوە ئاستەکە رووی لە دابەزین کردووە تاوەکو لە ساڵی 2025دا بۆ کەمتر لە 26 هەزار دابەزی.
لە رووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، بەغدا بە پشکی 17.54٪ لە پلەی یەکەمدا دێت، بەسرە بە 12٪ لە پلەی دووەم، کەربەلا بە 9٪ لە پلەی سێیەم و کەمترین رێژەش لە پارێزگای سەلاحەدین تۆمارکراوە کە تەنیا 1٪ بووە.
بۆچی هاووڵاتییان مۆڵەت وەرناگرن؟
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکارەکانی کەمیی خواستی هاووڵاتییانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ چوار خاڵ گەڕاندەوە:
کێشەی یاسایی و زێدەڕۆیی: سەرەڕای کاراکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی "ئور"، بەشێک لە هاووڵاتییان لەسەر زەویی کێشەدار یان موڵکی دەوڵەت خانوو دروست دەکەن، ئەمەش رێگرە لە پێدانی مۆڵەت.
رووبەری بچووک و ئیفراز نەکردن: زۆربەی ئەو زەوییانەی هاووڵاتییان دەستیان دەکەوێت ئیفراز نەکراون یان رووبەرەکەیان هێندە بچووکە لەگەڵ مەرجە ئەندازیارییەکاندا یەکناگرێتەوە، بۆیە ناچار دەبن بەبێ مۆڵەت بینا بکەن.
تێگەیشتنی هەڵە بۆ رۆتین: بەشێک لە خەڵک پێیانوایە مامەڵەی مۆڵەت کاتێکی زۆری دەوێت، لەکاتێکدا ئێستا بە ئۆنلاین کراوە و زۆر خێراترە.
پەنابردن بۆ پێبژاردن (غەرامە): بەشێک لە هاووڵاتییان سەرپێچی دەکەن بەو هیوایەی دواتر بە سزای دارایی کێشەکەیان چارەسەر بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە رێگەی پەیڕەوی شارەوانییەکانەوە بە هیچ جۆرێک رێگە بە دروستکردنی پڕۆژەی نەگونجاو لەگەڵ ماستەرپلان نادەن (وەک دروستکردنی کۆگەی بازرگانی لە نێو گەڕەکەکاندا).
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبوونیش، نەبیل سەفار گوتی: "چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە کە دەوڵەت یەکەی نیشتەجێبوونی شایستە بۆ چینی کەمدرامەت دابین بکات تاوەکو رێگە لە زێدەڕۆیی بگیرێت، لەگەڵ تووندکردنەوەی چاودێری لە سەرەتای دەستپێکی بیناسازییەوە تاوەکو سەرپێچییەکان بنبڕ بکرێن."


