رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و نەوت و شایستەکان.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی بووە و ئەمڕۆ سێشەممە 3ى تشرینى دووەم دەکرێت".
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە هێشتا هەولێر و بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێکردن و پێشکەشکردنی داواکارییەکانە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و نەوت و شایستەکانی دیکە و جیاکردنەوەی مووچەیە لە خەرجی راستەقینە و داهاتی نانەوتی و مادەی 140.
تێبینیی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027، هەژمارنەکردنی 14.14%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە بۆ جیاکردنەوەی پشکەکەی و شێوازی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، بڕی نەوتی هەناردەکراو و رێکارەکانی و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە شایستە داراییەکانیێتی.
تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاساکە نەچووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەسند بکرێت، کە قەبارەکەى زیاتر لە 217 تریلیۆن دینارە.



