رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ئاگرێکی
گەورە لە ماڵێکی ناوچەی کازمییەی بەغدا کەوتەوە؛ بەهۆیەوە پێنج ئەندامی هەمان
خێزان، لە نێویاندا ژنێک و دوو منداڵ، گیانیان لەدەست دا. شایەتحاڵەکان هۆکاری ئەم
کارەساتە بۆ تەقینەوەی شەحنی مۆبایل دەگەڕێننەوە.
باوکی بەنین، کە شایەتحاڵی رووداوەکەیە،
لەبارەی چۆنیەتیی رزگارکردنی بەشێک لە ماڵباتەکە بە رووداوی گوت:
"فریانەکەوتین؛ پێنج کەسمان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکانەوە رزگار کرد. گەنجەکان لەسەرەوە و
ئێمەش لە خوارەوە بووین و بتڵی غاز و کەلوپەلەکانمان لە خوارەوە دەردەهێنا".
کارەساتەکە تەنیا بە گیانلەدەستدانی
ئەو پێنج کەسە کۆتایی نەهات، بەڵکو دوو برینداری تریش بردرانە نەخۆشخانە، کە
یەکێکیان ژنێکی دووگیانە.
ئیسلام عیماد، شایەتحاڵ و دراوسێی
ماڵە سوتاوەکەیە، لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکە و گیانلەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکە
بە رووداوی راگەیاند: "ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ براکەی و دوو منداڵەکەی لە
ماڵەوە مانەوە؛ ئەحمەد توانی کچەکەی لەسەر بانەوە بداتە دراوسێکان و گوتی دەچم
کوڕەکەشم رزگار دەکەم، بەڵام ئیتر نەگەڕایەوە و پێدەچێت خنکابێت. دوای کاتژمێر و
نیوێک ئاگرکوژێنەوە هات".
لە هەمان کاتدا گوتەبێژی
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی
رووداوی راگەیاند:" کە تیمەکانمان توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکەش بەردەوامە".


