رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق هەریەک لە عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدینی بە تاوانی گەندەڵی سزا دا. هاوکات بڕیاری گەڕاندنەوەی 10 ملیار دیناری بە هاوبەشی بەسەریاندا سەپاند.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە شێوەی ئامادەبوون و پاڵپشت بە ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ عالیە نسەیف و پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ رائید جبووری دەرکردووە.
دادگە ئەو دوو کەسەی بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی وەزیفی و دەستکەوتی ناڕەوا لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور تۆمەتبار کردووە، ئەوەش لە رێگەی دەستوەردان لە پێدان و خەرجکردنی گوژمەی گرێبەستەکان بۆ ئەو کۆمپانیا و کەسانەی پەیوەندییان پێیانەوە هەبووە؛ هەروەها هەردوو سزادراو بە هاوبەشی پابەند کراون بە گەڕاندنەوەی 10 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
عالیە نسەیف، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو، لەگەڵ رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستگیرکران.
ئەمە سێیەمین سزایە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا بەسەر عالیە نسەیفدا دەسەپێندرێت، لە 23ـی ئەیلوولی 2026، بەهۆی زیادبوونی نایاسایی سامانەکەی، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 14 ملیار دینار و 12 ملیۆن و 442 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی سامان (ئەستۆپاکی)، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی دیکەی بەسەردا درا.
ئەمڕۆش سزای دوو ساڵی دیکەی زیندانیکردنی لەسەر دۆسیەی پاڵاوگەکانی باکوور بەسەردا سەپێنرا.
بڕیارەکانی دادگە هەروەها دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی نسەیف لەخۆدەگرێت.
پێنجشەممەی رابردووش، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم بە شەش ساڵ بەندکردن و زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەروەریی سوننەکان بە پێنج ساڵ بەندکردن سزادراون، کە هەردووکیان لە 28ـی حوزەیرانی ئەمساڵ لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستگیرکرابوون.
دادگە زیاد جەنابی ناچار کردووە بە گەڕاندنەوەی چوار ملیار دینار، کە لە رێگەی گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەی باکوور دەستی کەوتووە. هەروەها سامەڕاییش پابەندکراوە بە گەڕاندنەوەی 30 ملیار دینار.

