رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، گۆڕانکاریکردن لە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی رەتدەکەنەوە، کە بەهۆیەوە رۆڵی حەشدی شەعبی بێهێز و کەم ببێتەوە.
رۆژى چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، بزووتنەوەی نوجەبا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکەن گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کراوە.
ئەو بزووتنەوەیە کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، رایگەیاند، هەموو جۆرە هەموار و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی رەتدەکەنەوە و داواش لە لایەنەکانی دیکە دەکەن لە دژی بوەستنەوە و دەڵێت، "ئەو هەموارانە رۆڵی حەشدی شەعبی کەم دەکاتەوە و وا دەکات بچووک و پەرت بێت".
پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و هێشتا نەنێردراوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
بزووتنەوەی نوجەبا دەڵیت، هەڵوێستیان جێگیرە کە ئەو جۆرە "هەموارە گوماناوییانە" لە پڕۆژەیاساکەدا رەتدەکەنەوە و هیچ یاسایەک قبووڵ ناکەن کە مافی ئەندامانی حەشدی شەعبی تێیدا دەستەبەر نەکرێت و بە هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی دیکە نەبێت بۆ مافەکانی ئێستا و داهاتوو.
گرووپەکانی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە گۆڕانکاری و هەموار لە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کراوە، بەوەی تێیدا ئیمتیازاتەکانیان ماوەی بەر لە دەرچوواندنی یاساکە نەگرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
