رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێ، دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا گیرا کە باری خەڵووزی پێبووە و بە نایاسایی کەرەستەی پزیشکیی قەدەخەکراوی لە نێودا شاردبووەوە.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی زڕباتیە، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە بڕێکی زۆر کەرەستەی پزیشکیی قەدەخەکراوی تێدا بووە و لە پشت باری خەڵووزەوە حەشاری دابوو".
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند: " دوای ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە دەزگا ئەمنییەکان و بنکەی گومرگی زڕباتیە، بارهەڵگرەکە دەپشکنن دەرکەوتووە کە لە پشت خەڵووزەکانەوە چەندین جۆر کەرەستەی پزیشکیی تایبەت بە چارەسەری ددان شاردرابوونەوە کە هاوردەکردنیان قەدەخەیە."
عەلائەدین قەیسی گوتی: "پەڕاوی یاسایی بۆ ئەم سەرپێچییە کراوەتەوە و دۆسیەکە رەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی زرباتیە کراوە تاوەکو بخرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر شۆفێر و خاوەن بارەکە بگیرێتە بەر".

دەروازەی سنووریی زرباتیە لە پارێزگای واست، یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان عێراق و ئێران.
هەر مادەیەک یان دەرمانێکی پزیشکی بەبێ پشکنینی کوالیتی و مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە قاچاخ ئەژمار دەکرێ.



