رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری خزمەتگوزارییەکان رایگەیاند، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستوورە و لەگەڵ بۆچوونی مەرجەعیەت دەگونجێت و هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتێکڕا دەنگیان داوە بەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت بێت.
ئەو گوتانەی لەیس خەزعەلی لە چاوپێکەوتنێکدا بوو لە کەناڵی فەرمیی عێراق. خەزعەلی کە سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە رایگەیاند، حکومەتەکانی پێشوو پڕۆژەی سنووردارکردنی چەکیان لەخۆ نەگرتووە و بەدواداچوونیان بۆ نەکردووە، بەڵام حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی پڕۆژەیەکی راستەقینەی بۆ ئەو هەنگاوە هەیە.
پلانی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵە،ت بە چەند قۆناخێک تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2027 جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە تاوەکو ئەو کاتە هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی دەوڵەت نەمێنێت.
لەیس خەزعەلی رەتی کردەوە گرووپی موقاوەمە، دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەسانی سڤیل بە ئامانج بگرێت و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ساڵی 2017ـەوە پچڕانی پەیوەندیی بە لایەنی سەربازییەوە رایگەیاندووە بەبێ ئەوەی گوشاری دەرەکی لەسەر بێت.
بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیان لەنێو حەشدی شەعبی پچڕاند.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری خزمەتگوزارییەکان گوتی: "پێویستە پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای ماف و ئەرک بێت".




