رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە کۆنابێتەوە. شاندێکی فراکسیۆنی پارتی و لیژنەیەکی باڵای وەزاری بۆ یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوتیش کۆبوونەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە کۆنابێتەوە.
هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە (7ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی بودجە کۆنابێتەوە، چونکە هێشتا تێبینییەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە یەکلایی نەکراونەتەوە."
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی2026، رایگەیاند: "شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامێتیی وەزیرانی نەوت، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و دیوانی چاودێریی دارایی کۆبووینەوە".
لیژنەی وەزارییە تایبەتەکە، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێندراوە بۆ تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "بە وردی باسمان لە پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسیەی نەوت و زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. هەمووان هاوڕا بووین لەسەر گرنگیی دروستکردنی کۆدەنگیی سیاسی بۆ ئەوەی مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزرێ."
سیپان شێروانی باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا لەگەڵ وەزیری دارایی قسەیان کردووە و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان داوە و ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
سیپان شێروانی گوتیشی: "نەوەک تەنیا کورد، بەڵکو زۆربەی لایەنە عێراقییەکانیش تێبینییان لەسەر پشکی پارێزگاکان و خاڵەکانی نێو بودجە هەیە".
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بە 12.7% جێگیرکراوە، بەڵام ناردنی ئەو پشکە بە چەندین مەرج و پابەندییەوە بەستراوەتەوە، لەوانە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
هەروەها، میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی رابردوو لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە، کە قەرزەکانی 2004-2026 کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بڕیارە لە سێ ساڵدا و بەپێی یاساکانی بودجەی ئەو ساڵانە چارەسەر بکرێن. هەروەها ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی.



