رووداو دیجیتاڵ
تۆڕێکی چوار کەسی لە نەینەوا دەستگیرکران کە خۆیان وا ناساندووە سەر بە دامەزراوەیەکى فەرمین، بەوە خەڵکیان فریوداو دەتوانن فێڵ لە کڕین و فرۆشتنی موڵک و چوونە نێو وەبەرهێنان بکەن، 40 موڵک و چەند ئۆتۆمبێلێک و پارەى فرۆشتنى ژمارەیەک ئاژەڵی ناوازە دەستیان بەسەردا گیراوە، کە ئەو کەسانە خاوەنی بوون.
دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی بڵاوکردەوە.
ئەو چوار کەسە لە نەینەوا ئەندامی تۆڕێک بوون کە بانگەشەی ئەوەیان کردووە سەر بە لایەنێکی فەرمین، ئەوەیان قۆستووەتەوە بۆ فریودانی هاووڵاتییان لە کڕین و فرۆشتنی موڵک و چوونە نێو وەبەرهێنان و بەڵگەنامەی چەند موڵکێکیان ساختە کردووە و پارچە پارچەیان کردوون.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 40 موڵکدا گرتووە کە بەناوی ئەو چوار کەسە و کەسانی دیکە بوون، موڵکەکانیش لە شوێنی گرانبەهای پارێزگای نەینەوا بوون. هەروەها دەست بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا گیراوە و پێنج ئۆتۆمبێلیکی دیکەش بلۆک کراون و 100 ملیۆن دیناریش لەناو باخی یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیراوە، کە لە رێگەی فرۆشتنی چەند ئاژەڵێکی ناوازە دەستی کەوتووە، ئەوە جگە لە چەند پارچە زێڕێک کە بە شێوەیەکی ناڕەوا دەستیان کەوتووە.
ئەو چوار کەسە بەگوێرەی مادەی 36ـی یاسای بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەستگیرکراون، کە سزاکەی دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن و لێسەندنەوەی هەمان بڕی ئەو پارەیەی کە دەستیان کەوتووە.


