رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، لە شاری لەندەن لەگەڵ شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی د. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دامەزراوە دادوەرییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا کردەوە.
رۆژی سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، تۆم باراک لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی لەندەندا لەگەڵ د. فایەق زێدان و بەرپرسانی باڵای عێراق، بیروڕای گرنگ سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕ کراون.
نێردەی ئەمریکا گوتی: "لە ساتەوەختێکی مێژووییدا بۆ هەردوو وڵاتەکەمان و ناوچەکە، دەرفەتێکمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی لەمێژینە، رێگەیەکی پڕ لە هیوا بەرەو پێشەوە دیاری بکەین؛ دەرفەتەکانیش بێشومارن، لە هاوکاریی دادوەری و سەروەریی یاساوە تاوەکو کەرتەکانی وزە، وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابووری، و ئاسایشی هەرێمی."
باراک لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئاماژەی بەوە کرد: "بوونی دامەزراوە دادوەرییە بەهێز و سەربەخۆکان لەگەڵ هاوکاریی قووڵتر لەنێوان سیستمە یاساییەکانماندا، زۆر پێویستن بۆ دروستکردنی متمانە، پێشخستنی سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ عێراق."
تۆم باراک دووپاتیشیکردەوە کە وڵاتەکەی بە پەرۆشەوە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت لەم هەنگاوانە بۆ ئەوەی "توانای ناوازەی عێراق بخرێتەگەڕ و ئاشتییەکی بەردەوام و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکرێت."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە واشنتن لە هەوڵدایە لە رێگەی بەهێزکردنی کەرتی ئابووری، شەفافیەتی دارایی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەرییەوە، هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لەنێو دامەزراوەکانی عێراقدا سنووردار بکات.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا:
جێگەی شانازی بوو کە ئەمڕۆ لە لەندەن لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی د. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕای گرنگ سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق کۆبوومەوە. لە ساتەوەختێکی مێژووییدا بۆ هەردوو نەتەوەکەمان و ناوچەکە، دەرفەتێکمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەماکانی هاوبەشییەکی لەمێژینە بنیاتی بنێین و رێگەیەکی پڕ لە هیوا بەرەو پێشەوە دیاری بکەین. لە هاوکاریی دادوەری و بەهێزکردنی سەروەریی یاساوە تاوەکو وزە و وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابووری، هاوبەشیی دامەزراوەیی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی، دەرفەتەکان بێشومارن. دامەزراوە دادوەرییە بەهێز و سەربەخۆکان و هاوکاریی قووڵتر لەنێوان سیستمە یاساییەکانماندا بۆ دروستکردنی متمانە، پێشخستنی سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر زۆر پێویستن. پێکەوە، دەتوانین یارمەتیدەر بین لە خستنەگەڕی توانای ناوازەی عێراق، قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلەکەمان و بنیاتنانی داهاتوویەک کە پێناسە کرابێت بە خۆشگوزەرانیی هاوبەش، دەرفەت و ئاشتییەکی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بەردەوامیدانە بەم کارە گرنگە لە تەنیشت هاوبەشە عێراقییەکانمانەوە.

