رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەدواداچوونی بۆ رێڕەوی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی کرد و فەرمانی کرد بە زووترین کات رێکارەکان تەواو بکرێن و راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەدواداچوونی بۆ دوایین پێشهات و رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان کردووە لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی داوە کە لە زووترین کاتدا کارەکانی لێکۆڵینەوە کۆتاییان پێبهێنرێت و راپۆرتی کۆتایی لەسەر رووداوەکە پێشکەش بکرێت.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوەش کرد، زەیدی جەختی لە گرتنەبەری "رێکاری یاسایی تووند و تەمبێکارانە" کردووەتەوە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە تێوەگلانی لە هێرشەکەدا بسەلمێنرێت، هەروەها بەرپرسانی پەلامارەکە بەپێی یاسا رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوانە لەپێناو "دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە و پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە هەستیار و ژیانییەکان و سەلامەتیی کارمەندانیانە."
هێرشەکە کاژێر 23:10ـی یەکشەممە، 8ـی ئەم مانگە کرا و کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج. بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتەوە و کۆمپانیای دانەگازیش بەرهەمهێنانی گازی بە شێوەیەکی کاتی راگرت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبووە.



