رووداو دیجیتاڵ
لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت و ستافی پێشکەوتووی وەزارەتەکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکانی جرف نەسر (جرف سەخر)، کەرکووک و هەرێمی کوردستان، هەروەها هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێ، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیر و فەرماندە باڵا ئەمنییەکان کۆدەبنەوە و دەبێ لیژنەکەیان رۆژی چوارشەممە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لیژنەی کاتیی پەرلەمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی خالید عوبەیدی لە بارەی بەقاچاخبردنی نەوت، دووەمین کۆبوونەوەی کرد.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان و ئەندامی لیژنە کاتییەکە، ئەمڕۆ دووشەممە (16ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەکەیان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بەردەوامە، دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووینەوە. راپۆرتی هەواڵگریی لەبارەی بە قاچاخبردنی نەوت لە دوو شوێن هەیە، کە ئەوانیش جرف سەخر و هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکەن.
بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کۆبوونەوەی لیژنەکەیان بەردەوامە، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ وەزیر و فەرماندە باڵا ئەمنییەکان کۆدەبنەوە و دەبێت رۆژی چوارشەممە لیژنەکەیان راپۆرتی خۆی تەواو بکات بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەرزی بکاتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست.
هەر لەوبارەوە، تەها دفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکەیان میوانداری وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و نوێنەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی پۆلیسی وزە و لایەنە ئەمنییە بەرپرسەکانی تایبەت بە پاراستنی بۆڕیی و دامەزراوەکانی نەوت دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە میوانداریی وەزیری نەوت، ستافی پێشکەوتووی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ خستنەڕووی پوختەیەکی ورد و تاوتوێکردنی زانیاری و راپۆرتە هونەری و هەواڵگرییەکان سەبارەت بە پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکانی (جرف نەسر" جرف سەخر"، کەرکووک و هەرێمی کوردستان).
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو هێرش و بەئامانجگرتنانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی وزەی نیشتمانی هەیە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر لایەنە هونەرییەکان و ئەو رێکارانەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیانە و رێگری لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی نەوت و دامەزراوە هەستیارەکان گرتوونیانەتەبەر.
هێرشەکە لە کاژێر 23:10ـی یەکشەممە، 8ی ئەم مانگە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بووە هۆی راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی گاز، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان داناوە. بەپێی خەمڵاندنەکان.
بەگوێرەی روانگەی ئیکۆ عێراق، زیانە خەمڵێنراوەکانی راوەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش تەنیا لە بەهای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، گازی ماڵان و شلە چڕەکان (کۆندێنسێت).
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پەترۆلیۆم دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەوە 10 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوونە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پەرلەمان، میوانداریکردنەکە بەشێکە لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بۆ تەواوکردنی زانیاری و وردبینیکردن لە داتاکان، بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی ئەنجامی کارەکانی لیژنەکە و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی کاتی لە سەرۆکانی حەوت لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
بەگوێرەی فەرمانەکە، ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە بەدواداچوون بۆ راپۆرتی هونەری و هەواڵگریی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناوچەی جرف نەسر "جرف سەخر"، هەروەها زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی رێڕەوی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە کێڵگەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە بە نێو خاکی ئێراندا تاوەکو گەیشتنی بە ئەفغانستان، هاوکات لێکۆڵینەوە لەو هێرش و بەئامانجگرتنانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
لیژنە کاتییەکە پێکهاتووە لە سەرۆکی ئەم لیژنانەی خوارەوە: لیژنەی ئاسایش و بەرگری (سەرۆکی لیژنەکە)؛ لیژنەی دارایی؛ لیژنەی نەوت، گاز و سامانە سرووشتییەکان؛ لیژنەی دەستپاکی؛ لیژنەی هەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا، پلاندانان، بەرنامەی حکومی و ئەوقاف ؛ لیژنەی یاسایی و لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە لیژنەکە لە زووترین کاتدا راپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی کارەکانیان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.
هەفتەی رابردوو میدیا نێوخۆییەکان وردەکاریی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی پۆلێنکراو بە "زۆر نهێنی"یان بڵاوکردەوە کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە نێوان ساڵانی 2021 و 2026 چاودێریی جووڵەی تانکەرەکان و شوێنەکانی ناوچەکەیان کردووە و تێیدا باسی لە گومانی دزین و قاچاخچێتیکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە لە رێگەی کونکردنی ئەو بۆرییانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی و کۆگای شاردراوە لە ژێر زەوی لەو ناوچەیەی کە گرووپە چەکدارە باڵادەستەکان، لە سەروویانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵا، تێیدا جێگیرن.

