رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، کە ئەو نەوتەی لە ناوچەی جورف نەسر دەدزرێت، رۆژانە دەگاتە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: لە 2021ـەوە ئەو بۆرییە لە جورف نەسر کون کراوە و نەوتی لێبراوە. لیژنەیەکی پەرلەمانیی عێراق کە بۆ بەدواداچوونی راستی و دروستیی زانیارییەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، دەستی بە کارەکانی کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە پشتبەستن بە چەند راپۆرتێکی هەواڵگری، باسی لە دزینی بڕێکی زۆری نەوت کرد. بناس عەلی دۆسکی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، کە هیچ کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت لە جورف نەسر نییە. ئەو گوتی، "لەو ناوچەیەدا هیچ بیرە نەوتێک نییە. ئەوەی هەیە، بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتە کە نەوتی خاو لە کێڵگەکانی باشوورەوە بۆ پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجی دەگوازێتەوە." جورف نەسر، کە پێشتر ناوی جورف سەخر بوو، ناحیەیەکە لە سنووری پارێزگای بابل. دوای شەڕی داعش، زۆرینەی دانیشتووانە سوننەکەی ئاوارە بوون و ئێستا ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندایە. بناس دۆسکی دەڵێت: بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرۆکی پەرلەمان و راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان پێکردووە، ئەو بۆرییە کون کراوە و گومان دەکرێت رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بدزرێت. بناس عەلی دۆسکی لەمبارەیەوە گوتی، "ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم بۆرییانە سیستمی پێشکەوتووی چاودێری و هەستیاریان لەسەرە کە هەر گۆڕانکارییەکی بچووک لە پەستانی نەوتدا تۆمار دەکەن. بۆیە دزینی ئەو بڕە زۆرە بەبێ ئەوەی ئاشکرا بێت، پرسیاری جیدی دروست دەکات و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری هێڵەکانی نەوت و بەرپرسانی دیکەی پەیوەندیدار بکرێت." لەلایەکی دیکەوە، بناس عەلی دۆسکی، روونکردنەوەی لەبارەی دۆسیەی کێڵگەی پێشخابوور لە سنووری پارێزگای دهۆک دا و رایگەیاند کە ئەم بابەتە جیاوازە لەوەی جورف نەسر. ئەو گوتی، یەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەو کێڵگەیەدا کار دەکات، بەشداریی لە رێککەوتنێکی سێقۆڵی نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت نەکردووە. هۆکاری ئەم بڕیارەی کۆمپانیاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بڕی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار نەوتی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەی وەرنەگرتووەتەوە. ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکە متمانەی بە رێککەوتنە نوێیەکە نەمێنێت و لەبری هەناردەکردن، نەوتەکەی لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بفرۆشێت. دۆسکی جەختی کردەوە، "ئەم بابەتە قاچاخچێتی نییە، بەڵکو فرۆشتنی نەوتە لە بازاڕی ناوخۆدا و حکومەتی عێراقیش ئاگاداری وردەکارییەکانیەتی." ئەندامەکەی لێژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی کاری لیژنەکەیان، بەدواداچوونە بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، گومان دەکرێت هێرشەکە لە ناوخۆی عێراقەوە و لە ناوچەی خوورماتوو ئەنجام درابێت. بناس دۆسکی گوتی، "کۆمپانیاکان دوودڵن لە دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و داوای دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن بۆ پاراستنی دامەزراوەکانیان." بە گوتەی دۆسکی، حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیی بۆ ئەم داواکارییە نەبووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی باس دەکرێن بە بەهای نزیکەی 5 بۆ 6 ملیۆن دۆلار زیان بەر ژێرخانی کێڵگەکە کەوتووە. بناس دۆسکی، دەشڵێت: "دانەگاز داوایکردووە رێگەی بدرێت سیستمی دژە درۆن بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق رەزامەندی نەداوە". بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە لیژنە پەرلەمانییەکە بەردەوامە لە کارەکانی و بڕیارە سەردانی کێڵگەی کۆرمۆر و شوێنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش بکات، بۆ ئەوەی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر هەموو ئەم دۆسیانە ئامادە بکات و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.
عێراق16-11-2026چوارچێوەی هاوئاهەنگی: میوانداریی شاندێکی سلێمانیمان کرد و بەردەوامیی دیالۆگمان دووپاتکردەوە