رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، یاسای لێبوردنی گشتی رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو زیندان و چاکسازییەکانی وڵاتدا و لە کۆی زیاتر لە 21 هەزار سزادراوی ئازادکراو، زیاتر لە 13 هەزاریان بەپێی ئەو یاسایە بووە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند، ژمارەی ئەو سزادراوانەی بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی لە بەشە چاکسازییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئازادکراون، تاوەکو دوێنێ سێشەممە گەیشتووەتە 13 هەزار و 428 سزادراو.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هاوتەریب لەگەڵ لێبوردنی گشتی، وەزارەتەکەیان 7 هەزار و 904 سزادراوی دیکەی لە سەرجەم بەشە چاکسازییەکان ئازادکردووە، ئەوەش دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان یان بەرکەوتنیان بە ئازادکردنی بەمەرج، دوای ئەوەی مەرجە یاساییەکانیان تێدا بووە، دوو لەسەر سێی ماوەی سزاکەیان بەسەربردووە و رەفتاریان باش بووە.
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، ئەم رێکارە رێڕەوی یاسایی سەربەخۆیە لە لێبوردنی گشتی و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو زیندانەکان هەبووە.
یاسای لێبوردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران. هەریەکە لە یاسای باری کەسی کە داواکاریی شیعەکان و یاسای لێبوردنی گشتی کە داواکاریی سوننەکان بوو جێبەجێکراون، بەڵام یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە داواکاریی کورد بوو، تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.


