رووداو دیجیتاڵ
شکۆ عومەر، پەیامنێری رووداو، کە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و میدیاکاراندا چووەتە نێو بەشێک لە ناحیەی جورف سەخر، وردەکاریی دۆخی مەیدانیی ناوچەکە دەگوازێتەوە و دەڵێت، ناحیەکە بە تەواوی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت نەکراوە و دانیشتووانە رەسەنەکەی نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
شکۆ عومەر لە نزیک دەروازەی جورف سەخر لە سنووری قەزای موسەیبەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لەسەر زەوی دەبینرێت جیاوازە لەوەی باس دەکرێت و گوتی: "جورف سەخر بەو جۆرە نییە کە باس دەکرێت بە تەواوەتی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرابێت، بەڵکو حیزبوڵڵای عێراق تەنیا بەشێک لەو ناوچانەی رادەستی دەستی هێزەکانی حکومەت کردووە."
پەیامنێری رووداو ئەوەشی خستەڕوو، بەگوتەی هێزە ئەمنییەکان و گرووپەکانی حیزبوڵڵاش، "لە داهاتوودا ئەو رێکارانەی کە ئەم ناوچەیە بە تەواوەتی رادەستی دەستی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت بکرێت پێویستی بە کاتە و رەنگە کاتێکی زۆرتریشی پێویست بێت."
سەبارەت بە قەبارەی ئەو هێزە فەرمییانەی چوونەتە ناوچەکە، شکۆ عومەر گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ وەکو میدیا بینیمان و گواستمانەوە، چوار لیوا و فەوجێکی پاراستنی بەنداوەکان چوونەتە ناوەوە و بارەگایەکی سەرەکییان وەرگرتووە، ئاماژەشیان بۆ کرد کە چەند شوێنێکی دیکە هەن لە ناحیەکەدا ئەو هێزانە وەریدەگرن."
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، باسی لەوە کردووە کە ئەم ئاڵوگۆڕە لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ کاتێکی دیاری نەکردووە؛ چونکە بەردەوامیی پرۆسەکە بەستراوەتەوە بە ئاستی هاوکاری، گرژییەکان و ئەو پەیوەندییە هاوتەریبەی لەنێوان حکومەتی عێراق و حیزبوڵڵادا دەستیپێکردووە.
لەبارەی چارەنووسی دانیشتووانە ئاوارەبووەکانی جورف سەخر، پەیامنێری رووداو روونیکردەوە کە دوو گێڕانەوەی جیاواز لەو نێوەندەدا هەن و گوتی: "لەلایەکەوە حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک هاوکاری و تێوەگلانی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەبووبێت، هیچ کاتێک ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ 'جورف نەسر'؛ لەبەرامبەردا دەگوترێت خەڵکی رەسەنی ناوچەکە ناتوانن بگەڕێنەوە لەبەرئەوەی ناحیەکەیان و ماڵەکانیان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە داگیرکراون و بۆ ئامانجی دیکە بەکارهێندراون."
شکۆ عومەر جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای بانگەشەی حیزبوڵڵا بەوەی گوایە دانیشتووانی جورف سەخر لە چەند گەڕەکێکدا نیشتەجێن، بەڵام بەدواداچوونەکانیان دەریدەخەن کە دانیشتووانە رەسەنەکەی ناوچەکە بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی دەروازەکەش، پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد کە لەسەر رێگەی درێژکراوەی قەزای موسەیب بەرەو دەروازەی جورف سەخر، دووکان، ئۆتۆمبێل و جموجۆڵی هاووڵاتییان هەیە و راستەوخۆ لەبەردەم تابلۆی دەروازەکەدا هیچ بازگەیەک نییە، بەڵام گوتی: "لەو گەڕەکەی کە درێژکراوەی قەزای موسەیبە بازگەی لێیە و هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو بازگەیە تێپەڕێنێت."


