رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتینامە، پاسپۆرت و نشینگەی عێراق دەڵێ، هێشتا رێکارە تەکنیکییەکانی پرۆسەی یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی تەواو نەبوون.
رۆژی یەکشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2026)، بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتینامە، پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، رێکارە تەکنیکییەکانی تایبەت بە یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی لە قۆناخی تەواوکردندان، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆ.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، هەر کاتێک کارە تەکنیکییەکان تەواوبوون، ئیدی وردەکاری و رێکارەکانی تایبەت بەو پرۆسەیە لە رێگەی سەکۆ و کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە رادەگەیێندرێن.
ئەمڕۆ میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتینامە و زانیارییە شارستانییەکان دەستیان بە رێکارەکانی نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی داتاکانی نیشتەجێبوون کردووە، ئەوەش لە رێگەی کردنەوەی بەشی تایبەتمەند لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.
بە گوتەی میقداد میری، سیستمە نوێیەکە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەتی مۆبایلەوە لە رێگەی (ژمارەی نیشتمانی)ی سەر کارتەکەیانەوە دەستیان بە زانیارییەکانی نیشتەجێبوونیان بگات و بە شێوەی ئەلیکترۆنی نوێی بکەنەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بەڵگەنامەی نوێ یان کاخەز دەربێنن، چونکە لە تەواوی دامودەزگاکاندا تەنیا پشتبەستن بە کارتی نیشتمانی دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگیی ئەم هەنگاوە تەنیا لە کەمکردنەوەی ژمارەی بەڵگەنامە فەرمییەکاندا نییە، بەڵکو بارگرانیی رۆژانەی سەرشانی هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە و پێویستیی سەردانیکردنی بەردەوامی فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ ناهێڵێت، هاوکات دەبێتەهۆی خێراکردنی راییکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان لە رێگەی یەک بەڵگەنامەی فەرمییەوە.



