رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای نەجەف دەستیان بەسەر ئامێرێکی هەڵکەندن (حەفارە)دا گرت کە بۆ لێدانی چاڵ لە نزیک یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکە بەکارهێنرابوو؛ شۆفێرەکەشیان دەستگیر کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە دوای بەدواداچوونێکی ورد و بەردەوامی هەواڵگری کراوە کە لە ئێوارەوە تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام بووە. لە ئەنجامدا توانرا شوێنی ئامێرەکە دەستنیشان بکرێ و لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەدا شۆفێرەکەی دەستگیر بکرێ.
تۆمەتبارەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵی.
هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنییە چڕەکانی دەزگا هەواڵگرییەکاندا دێت بۆ پاراستنی ژێرخان و موڵک و ماڵی گشتی، هەروەها رێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ئاسایشی پارێزگاکە و سامانە ئابوورییەکانی بکاتە ئامانج.



