رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی بەڕێوەبردنی موڵکی جووەکان لە عێراق لە دادگەیەکی عێراق سکاڵا تۆمار دەکات بۆ ئەوەی خاوەندارێتیی مەزارگەی یەکێک لە پێغەمبەرانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، ئەو مەزارگەیە خراوەتە سەر وەقفی شیعەی عێراق.
کێشەکە لەسەر مەزارگەی 'عەزیز'ـە ، یەکێکە لە پێغەمبەران و مەزارگەکەی لە ناحیەی عەزیز لە سنووری پارێزگای مەیسانى زۆرینە شیعەیە.
حوسێن مەریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سکاڵاکە لە دادگەیەکی ناحیەکە تۆمار کراوە و تاوەکو ئێستا سێ دانیشتنی دادگە لەبارەیەوە کراوە.
مەزارگەکە جگە لە گۆڕی پێغەمبەر عەزیز، مزگەوتێکیشی لەگەڵدایە رووبەرەکەی نزیکەی هەزار مەتر دەبێت.
حوسێن مەریانی رایگەیاند ئەو پێغەمبەرە هەموو ئایین و مەزهەبەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن نەک ئایینێکی دیاریکراو، و ئێستا بە ناوی وەقفی شیعەوەیە.
مەزارگەی عەزیز لە ساڵی 2021دا وەک شوێنێکی کەلتووری ناسێنراوە و ئەو بڕیارە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوکراوەتەوە.




