رووداو دیجیتاڵ
پێنج ساڵ لەمەوبەر دەست بە بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف نەسردا (جورف سەخر) کراوە و لەژێر زەویدا کۆگە دروستکراوە بۆ شاردنەوەی نەوتەکە، بە سێ رێگە و بە تانکەر بۆ بەغدا گواستراوەتەوە و بەشەو بەقاچاخبردن دوو ئەوەندەی رۆژ بووە.
ئەو زانیارییانە بەشێکن لە راپۆرتێکی نهێنی کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە حکومەتی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر لە پارێزگای بابلدا ئامادەیکردووە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە.
بەقاچاخبردنی نەوتەکە لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە و لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە ئەوە بەدیکراوە کە لە نزیک بیری نەوتدا زەوی هەڵکەندراوە و تانکەری گواستنەوەی نەوتی لێبووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، خانوویەک بە رووبەری 138 مەتر دووجا هەبووە؛ لەنێوان 2024 بۆ 2026ـدا ئەوە بەدیکراوە کە تانکەری 36 هەزار لیتری چووەتە ئەو شوێنە و نەوتی لێبردووە کە 342 مەتر لە بۆریی نەوتەوە دوورە.
لیژنەکە نووسیویەتی: "ئەوە یەکلانەبووەتەوە کە ئەوەی براوە، نەوتی خاو بووە یان بەرهەمەکانی."
یەکەمجار بارکردنی نەوت لە یەکێک لەو شوێنانەی جورف نەسردا لە 1ـی حوزەیرانی 2021ـدا بەدیکراوە کە چوار تانکەر بوون؛ زۆرترین بڕ لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2022ـدا تۆمارکراوە کە 21 تانکەر بووە و مانگی تەممووزی 2026ـیش ئەو جووڵەیە هەبووە.
شوێنێکی دیکە لە دووریی 700 مەتر لە یەکێک لە بۆرییەکانەوە باڵەخانەیەک دروستکراوە و تانکەر لە نزیکی وەستاوە و پاڵاوگەیەکی بچووکیش لە هەمان ناوچەدا دانراوە؛ لە ساڵی 2025ـدا دووجار تێبینیی ئەوە کراوە کە 14 تانکەری 36 هەزار لیتری لە نزیک ئەو پاڵاوگە خۆجێییەدا وەستاون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، بەشێک لەو نەوتەی لە بۆرییەکان براوە، لە کۆگەیەکدا هەڵگیراوە کە خراوەتە ژێرزەوی بۆئەوەی ئاشکرانەبن.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەوە بەدیکراوە کە بەقاچاخبردنی نەوت بەشەوان دوو ئەوەندەی رۆژ بووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زیانەکان زۆر بوون لەسەر کەرتی نەوت."
سێ رێگەی بەقاچاخبردن
بەگوێرەی راپۆرتەکە، سێ رێگە بەکارهێنراون بۆ بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف نەسردا:
رێگەی یەکەم: تانکەرەکانی بەقاچاخبردنی نەوت بە پردی موسەییەب لە بابلدا بە ئاراستەی بەغدا براون.
رێگەی دووەم: بە ئاراستەی ناوچەی عامرییەی فەللووجە لە سنووری پارێزگای ئەنباردا بووە و لەوێوە بەرەو بەغدا براون.
رێگەی سێیەم: لە حەبانییەوە تێپەڕیوە بەرەو بەغدا و ناوچەی ئەبوغرێب لە باکووری بەغدا.




