کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

عێراق

پەرلەمانتارێک: دۆسیەی بەفەرمیکردنی دەروازەی پشتە تۆزی لەسەر نیشتووە

شیراز رەئوف

شیراز رەئوف

26-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
شیراز رەئوف
شیراز رەئوف26-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەی رۆژانە گەیشتە 3.6 ملیۆن بەرمیل
عێراق26-11-2026

وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەی رۆژانە گەیشتە 3.6 ملیۆن بەرمیل

زەیدی لە رێگەی مانگی دەستکردی ئوسترالییەوە چاودێریی هەرێمی کوردستانی کردووە
عێراق26-11-2026

زەیدی لە رێگەی مانگی دەستکردی ئوسترالییەوە چاودێریی هەرێمی کوردستانی کردووە

لێکۆڵینەوە لە مووچەی 3,150 پاسەوانی "بندیوار"ـی بۆرییەکانی نەوتی کەرکووک دەکرێت
عێراق26-11-2026

لێکۆڵینەوە لە مووچەی 3,150 پاسەوانی "بندیوار"ـی بۆرییەکانی نەوتی کەرکووک دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ


بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا کۆببنەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی ئەو گرژییانەی لەسەر دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، نەوت و جووڵاندنی هێزی سەربازی دروست بوون. نوێنەرانی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراقیش هۆشداری لە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن.


دانەر عەبدولغەفار: سەروەریی دەوڵەت بە دەستوور دەپارێزرێت نەوەک بە زمانی هێز


د. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی دەستەواژەی "حکومەتی مەرکەزی یان ناوەندی" لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، دەربڕینێکی ناپەسندە کە هێشتا باوەڕی بە سەنتەرگەرییە، لە کاتێکدا لە دەستووری 2005ـی عێراقدا هیچ شتێک بە ناوی "حکومەتی ناوەندی" بوونی نییە و عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە.


گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی بە هێنانەوەی دێڕە شیعرێکی ئەحمەد مەتەر «مَن يملِكُ القانونَ في أوطانِنا، هو الذي يملِكُ حَقَّ عَسفِهِ»، رایگەیاند کە یاسا لە بەرژەوەندیی دەسەڵات بەکاردەهێندرێت و گوتی: "هەیبەتی دەوڵەت بە نمایشی هێز، ناردنی سوپا و بەیاننامەی سەربازی دروست نابێت، بەڵکو بە رێزگرتن لە دەستوور، یاسا و هاووڵاتییان دەستەبەر دەبێت."



سروە محەممەد: کێشە نێوخۆییەکانمان وەلا دەنێین و بەرگری لە قەوارەکە دەکەین


هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گرژی و هەنگاوەکانی ئەم دواییەی بەغدا چاوەڕوانکراو بوون لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هەنگاوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان و دادگاییکردنی پەرلەمانتاران؛ هاوکات جەختی کردەوە کە یەکێتی لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و راگرتنی قاچاخچێتییە لە سەرتاسەری عێراق.


سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی، سروە محەممەد ئاشکرای کرد کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و بەغدای حیزبەکەی کۆبووەتەوە و پەیامی روونی ئەوە بووە کە "هەرێمی کوردستان موڵکی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو موڵکی هەموو گەلی کورد و هاونیشتمانییانە، هەربۆیە کێشە ناوخۆییەکانی وەک کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەلا دەنێین و پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەکان دەبینەوە."


پەرلەمانتارەکەی یەکێتی مێژووی قوربانیدانی گەلی کوردی لە ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن وەبیرهێنایەوە و جەختی کردەوە کە کورد هەمیشە داڵدەی عێراقییەکانی داوە، لەوانە لە شەڕی تایفەگەریدا کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە شەڕی داعشیشدا پێشمەرگە شانبەشانی سوپای عێراق شەڕی کرد، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری خاک و مافە دەستوورییەکانی خۆی نابێت.


"بەڵگەنامەکان لە بەغدا تۆزیان لەسەر نیشتووە"


لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، هەردوو پەرلەمانتارەکە رەخنەی توندیان لە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی بەغدا گرت. د. دانەر عەبدولغەفار رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی بەغدا کردووە و داوای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی کردووە بۆ ئەوەی هەر دەروازەیەک مەرجی فەرمیبوونی تێدایە بناسرێت و ئەوانەشی مەرجیان تێدا نییە دابخرێن. من خۆم لە کۆبوونەوەکاندا بە سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گومرگم گوت بۆچی دەروازەکان داناخەن؟ یان دەتانەوێت وەک بیانووی رۆژانە بمێنێتەوە؟ پاسەوانی سنوور خۆی دەروازە نافەرمییەکانی دادەخست و هیچ پێویستی بە جووڵاندنی سوپا و دروستکردنی قەیران نەبوو."


سروە محەممەد لەسەر هەمان بابەت گوتی: "دەروازەی پشتە لە هەڵەبجە زیاتر لە سێ ساڵە هەموو مامەڵەکانی بۆ فەرمیکردن تەواو بووە و لە بەغدا لەسەر مێز کەوتووە و تۆزی لێ نیشتووە؛ عومەر وائیلی، سەرۆکی پێشووی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئامادە نەبوو واژۆی بکات، تەنیا لەبەرئەوەی دەیانزانی داهاتی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات."


بە گوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، پیلانێک هەیە بۆ وشککردنی داهاتی هەرێمی کوردستان؛ بە جۆرێک جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان لە 1700 بارەوە بۆ کەمتر لە 100 باری رۆژانە دابەزیوە و 80%ـی بازرگانییەکە گوازراوەتەوە بۆ دەروازەی "مونزریە" لە دیالە، هاوکات تەواوی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە کامێرای پێشکەوتوو لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە کۆنترۆڵ کراون.


ئەو گوتانەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا لەبارەی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، هاوکات بوو لەگەڵ کۆمەڵێک بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان؛ هەردوو دەروازەی پشتە لە هەڵەبجە و وەلید لەسەر سنووری رۆژئاوای کوردستان داخران و جووڵەی بازرگانیش لە دەروازەی پێشابوور (سێمالکا) تاوەکو کاتێکی نادیار راگیرا.



تۆمەتی قاچاخچێتیی نەوت و چەمکی "رادەستکردن"


سەبارەت بە پرسی نەوت، دانەر عەبدولغەفار دەڵێت، شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد موفتی چوونەتە پەرلەمانی عێراق و سەرجەم بەڵگەنامە و داتاکانیان پێشکێش کردووە و نیشانیان داوە کێشەکە بەرەو چارەسەر چووە.


هەروەها دەستەواژەی "تەسلیمکردن"ـی بە نادەستووری لەقەڵەم دا و گوتی: "پێشتر پێیان دەگوتین ئەگەر نەوت و لیستی مووچە رادەست بکەن، کێشەی نەوت و بەنزین و مووچەتان نامێنێت، کەچی ئێستا مووچە دوای هەموو عێراق و بە دەردەسەری دێت بۆ هەرێمی کوردستان و لەم زستانە ساردەشدا ئامادە نەبوون تەنانەت 100 لیتر نەوتی سپی بۆ ماڵان لە هەرێمی کوردستان بنێرن و بەنزینیش بە گران دەکڕین. هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە نەوەک پارێزگایەکی ئاسایی و بەراوردکردنی بە دۆخی 'جورف سەخر' و هاندانی شەقامی عێراقی دژی کورد هەڵەیەکی گەورەیە."


لە بەرامبەردا، سروە محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کە لە 2022ـەوە دانراون، هیچ بارێک یان کاڵایەک بەبێ مۆڵەتی بەغدا هاتووچۆ ناکات، کەواتە ئەگەر قاچاخچێتی هەبێت لە رێگەی بازگەکانی عێراقەوە دەکرێت.


گوتیشی: "تەنانەت مۆڵەتی کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش براوەتە بەغدا، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری کارگەکان لە کوردستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی ناوخۆ."


کۆبوونەوەی لووتکە لە بەغدا و داواکارییە دەستوورییەکان


لەبارەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی کردووە بە ئامادەبوونی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو دۆخەکە هێور بکرێتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بدۆزرێتەوە. هاوکات رەخنەی لە دادگەی فیدراڵی گرت کە "چۆن دەکرێت لە ماوەی تەنیا 24 کاژێردا راڤەی 7 مادەی دەستووری بکات؟"


هاوکات بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی پێداگیری کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان شاندێکی باڵا بنێرێتە بەغدا کە دەسەڵاتی بڕیاردانی تەواوی پێبێت، چونکە بەشێک لە کێشەکانی رابردوو بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە شاندەکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانی کۆتاییان نەبوو.

بابەتی پەیوەندیدار

وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەی رۆژانە گەیشتە 3.6 ملیۆن بەرمیل
عێراق26-11-2026

وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەی رۆژانە گەیشتە 3.6 ملیۆن بەرمیل

زەیدی لە رێگەی مانگی دەستکردی ئوسترالییەوە چاودێریی هەرێمی کوردستانی کردووە
عێراق26-11-2026

زەیدی لە رێگەی مانگی دەستکردی ئوسترالییەوە چاودێریی هەرێمی کوردستانی کردووە

لێکۆڵینەوە لە مووچەی 3,150 پاسەوانی "بندیوار"ـی بۆرییەکانی نەوتی کەرکووک دەکرێت
عێراق26-11-2026

لێکۆڵینەوە لە مووچەی 3,150 پاسەوانی "بندیوار"ـی بۆرییەکانی نەوتی کەرکووک دەکرێت

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە