رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا شەش پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنی ئەوانەی بڕیاری دادگەیان لەبارەوە دەرچووە یان پۆستی حکومییان وەرگرتووە، سوێندیان خوارد؛ هاوکات خوێندنەوە بۆ سێ پڕۆژە یاسا کرا و دەنگ لەسەر راسپاردەکانی تایبەت بە دۆسیەی چاودێریی کۆمەڵایەتیش درا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارە (29)ـی بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی 245 پەرلەمانتار کرد.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمان دەنگی دا بە رەتکردنەوەی ئەو تانانەی لەبارەی دروستیی ئەندامێتیی ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشکێش کرابوون.
شێروان دووبەردانی گوتی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا شەش ئەندامی نوێ وەک پەرلەمانتار سوێندی دەستووریان خوارد و وەک پەرلەمانتار دەستبەکاربوون.
هەریەک لە مەهدیە عەبدولحەسەن لامی، فەلاح حەسەن زێدان، عەلی سەعدوون غوڵام و محەممەد سەلمان ساڵح وەک پەرلەمانتاری نوێ سوێندی دەستووریان خوارد لە شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی بڕیاری دادگەیان دژ دەرچووە کە بریتین لە: عالیە نوسەیف، محەممەد فەرمان، بەهائەدین نووری و محەممەد ناسر کەربولی.
هەروەها لەتیف مستەفا لە شوێنی نایف شەمەری (بەهۆی وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری) و ئینسیجام عەبدولزەهرە غەراوی لە شوێنی عەممار موسا، ئەمینداری بەغدا سوێندیان خوارد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ راپۆرتی لیژنەی لاوەکی سەر بە لیژنەی دەستپاکی تەواو کرد کە تایبەت بوو بە دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تێیدا چەندین سەرپێچیی یاسایی تۆمارکرابوون. پەرلەمان دەنگی لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی دەستپاکی دا و رەوانەی حکومەتی کردن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوە بۆ سێ پرۆژەیاسا کران. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ناوەندی توێژینەوە بانکییەکان. خوێندنەوەی دووەم بۆ راپۆرت و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا عەدیلە حموود، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان باسی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هەوکردنی پەردەی مێشک کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ تەندروستیی واست و سەلاحەدین لەسەر هێڵن؛ ئاماژەی بەوەکرد کە ئامارە فەرمییەکان لە ئاستی ئاساییدان و پێویستە ڤاکسین بۆ منداڵان دابین بکرێ.
لەسەر ئەو پرسە، هەیبەت حەلبووسی بڕیاری دا شاندێکی پەرلەمانی لە هەردوو لیژنەی تەندروستی و پەروەردە پێکبهێندرێ بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و سەردانیکردنی پارێزگاکان؛ دواتریش کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دووشەممە هەڵگیرا.



