رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و بەجیا لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ماکرۆن چەند کاژێرێک لە عێراق دەمێنێتەوە. بابەتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی پرسی سەروەریی خاکی عێراق دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەنێو خاکی عێراق و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بێت کە بەم دواییانە چەند جارێک بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
پێش دیدارەکەی لەگەڵ ماکرۆن ئەمڕۆ لە بەغدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش کۆدەبێتەوە.
سەروەری عێراق و پەیوەندی هەولێر و بەغدا و چارەنووسی داعشە فەرەنسییە دەستگیرکراوەکان، ئەو پرسانەن کە ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی دەکات.
لە شەش ساڵی رابردوودا دوو سەرۆکی فەرەنسا و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە ئاماژەیان بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش کردووە، ماکرۆن لە کۆتایی ساڵی 2017 لە کۆشکی ئیلیزێ لەکاتی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی گوتی دەبێت مافەکانی کورد لە عێراق پارێزراو بن، هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا چوار جار وەکو وەزیری بەرگری و چوار جاری دیکەش وەکو وەزیری دەرەوە هاتووەتە کوردستان، جگە لە دوو جار سەردانی فرانسوا ئۆلاند سەرۆککۆماری پێشووتری فەرەنسا بۆ هەولێر .
