رووداو دیجیتاڵ
تاوانبارێکی کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، بە نەخۆشی مرد.
شاکر تەها یەحیا غەفوور دووری، وەک یەکێک لە بەشدارانی جینۆسایدکردنی بارانییەکان کە ساڵی 1983 لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس کرا، لە 28-12-2025 سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام پێش جێبەجێکردنی سزاکەی لە نەخۆشخانەیەک گیانی لەدەستدا.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوانبار شاکر تەها بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی؛ دۆسیەکەی رەوانەی دادگەی تەمیز کرابوو، بەڵام رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان درێژن و نەگەیشتە قۆناخی وەرگرتنی سزاکەی و مرد."
شاکر دووری، بە تاوانی کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان لە ناوچەی سەقلاویەی سەر بە قەزای فەللووجە لە پارێزگای ئەنبار سزای سێدارەی بۆ دەرکرابوو.
ئەو تاوانبارە، 25ی ئایاری ئەم ساڵ مردووە، بەڵام ئاشکرا نەکراوە و درەنگ پارێزەری دۆسیەکەی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
جینۆسایدی بارزانییەکان
نزیکەی 43 ساڵ لەمەوبەر و دەسەڵاتی بەعسی عێراق، زیاتر لە 8 هەزار هاونیشتمانیی بارزانی بێ جیاوازیی رەگەز و تەمەن بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کرد.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان 31ـی تەمموزی 1983 دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی ئابی هەمان ساڵ درێژەی کێشا.
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 696 رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان.
