رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، توانیویانە یەکێک لە گەورە بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
رۆژی 25ی ئایاری 2026، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایگەیاند، "لە ئەنجامی هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی دیالە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، توانییان بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن."
عەباس بەهادلی دەڵێت، "لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر 11.5 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا دا گیراوە کە بە مەبەستی بازرگانی لای بووە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و چاودێریکردنی جووڵەی تۆمەتبارەکە کراوە و ئێستا رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر گیراوەتەبەر.
عەباس بەهادلی بە رووداوی گوت، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەولێر و سلێمانی زانیاریی گرنگیان پێداوین کە هاوکاربوو بۆ دەستگیرکردنی." گوتیشی، "دەستگیرکراوەکە بازرگانی نێوخۆیی مادە هۆشبەرەکانە و داواکراو بووە."
