رووداو دیجیتاڵ
بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک، نێردەی عێراق خەڵاتی "لبیيتم"ی وەک باشترین نێردەی حەج لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی بەدەستهێنا.
شێخ دلێر بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری حەج و عومرەی کەرکووک، رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، لە شاری مەککەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستەی حەج و عومرەی عێراق، توانی بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک خەڵاتی (لبیيتم) وەک باشترین دەستەی حەجی وڵاتانی ئیسلامی بۆ وەرزی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی بەدەستبهێنێت."
نزیکەی 43 هەزار کەس لە عێراق و باشووری کوردستانەوە چوونەتە حەج، کە لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 120 کەسیان حاجیانی هەرێمی کوردستانن.
شێخ دلێر ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسەنگاندنەکە لەلایەن وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیەوە ئەنجامدراوە و بنەمای دیاریکردنی باشترین نێردە پشت دەبەستێت بە "ئاستی خزمەتگوزارییەکان، رێکخستنی کاروانەکان، پابەندبوون بە رێکارە تەندروستی و یاساییەکان و دابینکردنی باشترین ئامرازی گواستنەوە و نیشتەجێبوون بۆ حاجیان."
بەگوێرەی ئاماری فەرمی سعودیە، بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 707 هەزار و 301 کەس لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشدارییان لە فەریزەی حەجدا کردووە.
