رووداو - هەولێر
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەكی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیسی پارێزگاکەیان كردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2020، مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەر، ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كرد، لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو پەیوەندییە ڤیدیۆییەدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڵێنی دا بە هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و داواشیكرد وەكو هەمیشە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا، پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی مانگێکە هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان.
لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئێستا 115 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 78 کەسیان چاکبوونەتەوە و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، واتە لەو پارێزگایە بە سەرجەم قەزا و ناحیەکانیەوە، ئێستا 34 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماون، بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵێن، دۆخی تەندروستییان باشە.



