رووداو - هەولێر
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان و خەڵکانی بیانی لە بازگەی دێگەڵە گیریانخواردووە، نە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان و نە دەشتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی کارکردنیان، ئەمەش بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و نەبوونی ئەو بەڵگەنامانەی کە وەزارەتی ناوخۆ داوایکردوون.
مەسعود دەروێش پەنا خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەگەڵ هاوژینەکەم ماوەی 11 رۆژە لێرەین و خواردن و خواردنەوەمان پسکیت و ئاوە. لە کار دابڕابووین بۆیە بیرمانکردەوە بڕۆینەوە بۆ ئێران، بەڵام لە خاڵێکی پشکنین تێپەڕین و لە خاڵێکی دیکە راگیراین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوشوێنی تووندی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناسراو بە کۆڤید-19، گرتووەتەبەر، بەڵام هەندێک خەڵک نەیانتوانی لەوکاتەی حکومەت دیاریکرد بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانیان، گەشت بکەن و بگەڕێنەوە.
هاوکات، هاونیشتمانییەکی دیکەی کرماشان بەناوی پەری، کە مامۆستای ئینگلیزی و رۆژنامەڤانە ماوەی یەک رۆژە لە بازگەی دێگەڵە گیریخواردووە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە 14ی ئادارەوە لە هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، ئەمەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی، قەدەخەی هاتووچۆش لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێک درێژکراوەتەوە، دوایین جار تاوەکو 16ی نیسان درێژکرایەوە.
