رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە خاوەن یەکەکانی شاری مامۆستایان 'بەهۆی نەدانی قیستی خانووەکانیان' کارەبای موەلیدەیان لەسەر بڕدراوە و سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانیش بڕینی کارەبای بە پاساوی نەدانی قیستی خانوو "بە نایاسایی" دەزانێت. بەڕێوەبەری بەشی یاسای و کارگێڕی ئەو کۆمپانیایەی یەکەکانی بۆ مامۆستایان دروستکردوون بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئەو کەسانە دەدات کە ئامادەییان هەیە سەردانیان بکەن و پابەندی دانەوەی قیستەکانیان ببن.
لە بەرنامەی "مژار"ی ئەمجارەی رادیۆی رووداو تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی بەردەم خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان لە هەولێر کرا، کە ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی نەدانی قیستی خانووەکانیان بەشێک لەو خاوەن یەکانە کارەبای موەلیدەیان لەسەر بڕدراوە، لەبەرامبەر پێدانی کارەبا داوایان لێکراوە ئەو قیستانەی لەسەر خاوەنەکانیان ماوە کە بەشی هەر زۆری مامۆستان بە چەند قیستێک بیدەن بە خاوەن پرۆژەکە، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بێ مووچەیی و پاشکەوتی مووچە نەیانتوانیوە قیستەکانیان بدەن.
محەممەد موحسین، بەڕێوەبەری بەشی یاسای و کارگێڕی لە گرووپی کۆمپانیاکانی رەسەن لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار" لە رادیۆی رووداو، لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەردەم دانیشتووانی ئەو یەکە نیشتەجێبوونە رایگەیاند: "نە ئێمە کارەبامان بڕیوە نە ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییەی لەو شارە کار دەکات کارەبای بڕیوە، بەڵکو بەهۆی نەدانی قیستەکانیان و ساف نەکردنەوەی قەرزەکانیان لای ئێمە و تەنانەت بەشی خزمەتگوزاریش، ئەوا کارتی کارەبا ناچێتە سەر حیسابی کەسە قەرزدارەکە، دەبێت حیسابەکەی ساف بکاتەوە هەم لە کۆمپانیا و هەمیش کۆمپانیای خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی کارتی کارەبا بچێتە سەر حیسابەکەی".
بە گوتەی محەمەد موحسین "نزیکەی 50 مامۆستا لەوکاتەوەی خانووەکانیان رادەستکراوە هیچ قیستێکیان بە کۆمپانیا نەداوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن ماوە، کراوەتە قیست کە دەبێت مانگانە ئەو بڕە پارەیە بدەن، بەشێک لەوانەی لە خانووە دوو نهۆمییەکان نیشتەجێن 50 بۆ 60 هەزار دۆلار قەرزدارن، ئەوانەی لە یەک نهۆمییەکان نیشتەجێن 30 بۆ 40 هەزار دۆلار قەرزدارن، کەسانێکیش هەن ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە قیستیان هەر نەداوە".
بەڕێوەبەری بەشی یاسای و کارگێڕی لە گرووپی کۆمپانیاکانی رەسەن ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان سەرەڕای نەدانی قیستەکانیان "بە هاوکاری لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایان کارئاسانی زۆرمان بۆ مامۆستایان کردووە و هەر مامۆستایەکیش کێشەیەکی هەبووبێت لە دانەوەی قیستەکان بۆمان چارەسەر کردووە، ئەوەی خۆی نەیویستبێت کێشەیەکی بۆ چارەسەر بکەن، بە دەنگمانەوە نەهاتووە، ئێستاش ئەوەی کێشەی هەیە ئامادەین کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەین".
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند: "ئێمە لەسەر پرسی کارەبا قسەمان لەگەڵ کۆمپانیا کردووە، ئەوەمان پێ راگەیاندون کە راستە کێشەی قیستیان هەیە لەگەڵ خاوەن خانووەکان، بەڵام ناکرێت کارەبایان لەسەر ببڕدرێت، چونکە کارەبا بۆ ماڵ و منداڵە، بۆ خەڵکی پەککەوتەیە، تەنانەت پێشمان گوتوون کە پەنا نەبردرێتە بەر بڕینی کارەبا، رێگەی دیکە هەیە".
عەبدولواحید محەممەد ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان بەردەوام لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی شاری مامۆستایانی دروستکردووە لەسەر هێڵ بوونە "دانوستاندنی دوور و درێژمان کردووە، بۆ نموونە لەوکاتەی مووچە بە پاشکەوت بەسەر مووچەخۆران فەرمانبەر و مامۆستایان سەپێندرا، قیستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا کردە نیوە بۆ ئەوەی مامۆستایان بتوانن قیستەکانیان بدەن و کۆمپانیاش دەبێت رەچاوی ئەو بارودۆخە بکات، هاوکات ماوەی دانەوەی قیستەکانیشمان درێژکردەوە دەبوو لە 2021 تەواو ببێت، بەڵام ماوەکەمان بۆ ساڵ و نیوێکی دیکە درێژکردەوە، واتە ناوەڕاستی 2022، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین ئەوانە بەدەر بکەین کە زۆر قەرزدارن، بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەیەکیشمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیا گفتوگۆی لەبارەوە بکەین بۆ ئەوەی دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو واقیعە نەرم بکەین".
هاوکات ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قەزای ناوەندی هەولێر، لە میانی بەرنەماکە بۆ رووداو گوتی: "بڕینی کارەبا یاسایی نییە و لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا دانییە کارەبا لەسەر بەشداربووانی ببڕێت، ناکرێت بە بیانووی نەدانی قیستی کۆمپانیا خانەوادەیەک لە پێدانی کارەبا بێبەش بکرێت، دەکرێت لە رێگەی دادگاوە کێشەکەی یەکلابکاتەوە".
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر ئەو کێشەیە وەکو سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان ئاماژەی پێدا "لەسەر ئەو بابەتە سبەی کۆبوونەوەیەکمان هەیە لە پارێزگای هەولێر، داواکاری گشتیش لە کۆبوونەوەی سبەی بەشدار دەبێت، ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین و بڕیارێک لەوبارەیەوە دەردەکەین".

