رووداو - شنگال
بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، حەشدی شەعبی سێ لیوای بردووەتە شنگال و لە چەند شوێنێک بڵاویکردوونەتەوە. لیوای 21ـی حەشدی شەعبیی بەدر لە رۆژهەڵاتی شنگال، لیوای 33 لە رۆژئاوا و لیوای 14یشی لەسەر چیای شنگال جێگیر کردوون.
ئەو سێ لیوایەی حەشدی شەعبی لە موسڵ و نەجەف و کەربەلاوە براونەتە سنووری شنگال و ئامادەکاری بۆ هەر هێرشێک دەکەن.
عەباس عەلی، فەرماندەی لیوای 21ـی حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حەشد دەستی ئاسنی دەوەشێنێت. نە تورکیا و نە پەکەکە و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانن هیچ بکەن. تاوەکو حەشد لێرە بێت، هیچ روونادات. ئێمە بەهێزانە هاتووینەتە ئێرە. هەموو هێزەکانمان لێرەن. نە تورکیا و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانن بێنە ئێرە. مەگەر وڵاتی ئێمە بێسەروبەرە؟ حەشد هەیە."
زیاتر لە دوو هەزار شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لە شنگالن کە زیاتر لە 200 شەڕڤانیان لە فەوجی 80ی حەشدی عەشایەری وەرگیراون.
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆسەریی شنگال بە رووداوی راگەیاند: "هێزەکانمان هەمیشە ئامادەن و لە هەموو لایەکەوە هەین."
شەش ساڵە حەوت هێزی چەکدار لە خۆیان بە خاوەنی شنگال دەزانن و کەسیان ئامادە نییە چۆڵی بکات.
.jpeg&w=3840&q=75)

